یاریگا نوێترین زانیاری لهسهر یارییهكهی زاخۆ بهرامبهر شەباب ئاشكرا دهكات
شهباب به تیپی یهكهم و تهواوی ئهستێرهكانی یاریی دهكات

یاریگا –
سبەی چاوەکان هەمووی بەرەو دەوحەی پایتەختی قەتەر دەبن، کاتێک یانەی زاخۆ، نوێنەری زاخۆ و کوردستان، لە تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا و لە یاریی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداودا، رووبەڕووی یانەی شەبابی سعوودی دەبێتەوە.
ئامانجی زاخۆ: فیناڵێکی مێژوویی
یانەی زاخۆ کە ئەم وەرزە له خولی یانه پاڵهوانهكانی كهنداو ئاستێكی بهرزی پێشكهش كردووه و بە هەموو هێز و توانایەکەوە دەچێتە یاریگاوە بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکی دەرەکی.
زاخۆ دەیەوێت بیسەلمێنێت کە گەیشتنی بەم قۆناخە بە رێکەوت نەبووە، بەڵکو بەرهەمی پلانێکی تۆکمە بووە.
زانیاریی ورد لەسەر شەبابی سعوودی: تیمی یەکەم ئامادەیە!
بەپێی ئەو زانیارییە تایبەت و پشتڕاستکراوانەی دەست تۆڕی وهرزشی یاریگا کەوتووە، یانەی شەبابی سعوودی بە هەموو قورسایی خۆیەوە بهرامبهر زاخۆ یاریی دهكات، ئهمهش دوای ئەوەی شەباب لە رکابەرییەکانی خولی ناوخۆی سعوودی نائومێد بوو، ئێستا تاکە هیوایان ئەم پاڵەوانێتییەیە.
بۆیە بڕیاریان داوە بە تیمی یەکەم و بە هەموو ئەستێرە گرانبەهاکانیانەوە بەرامبەر زاخۆ یاری بکەن، ئەمەش ئەرکی زاخۆ قورستر دەکات بەڵام بڕسیهتی بردنەوەیان لێ نابڕێت.
دۆخی یانەی زاخۆ بۆ یارییهكه
لە لایەنی هونەرییەوە، زاخۆ لە دۆخێکی جێگیردایە، بۆ یارییەکەی سبەی تەنیا یەک یاریزانی یانەکە گەشتی نەکردووە و ئامادە نابێت ئهویش شێركۆ كهریم كه بههۆی پێكانهوه بهشداری له یارییهكه ناكات، تەواوی یاریزانانی تری تیپەکە ئامادەی جەنگە گەورەکەن و مەشق و راهێنانەکانیان بە سەرکەوتوویی كردووه.
کۆسپێکی گەورە؛ ڤیزا هاندەرانی زاخۆ بێبەش دەکات
یەکێک لە خاڵە ناخۆشەکان بۆ نوێنەرەکەی کوردستان، کەمی هاندەرانی دەبێت لە ناو یاریگا، لهكاتێكدا زاخۆ له یاریگای خۆی له كاتی یارییهكان شوێنێك نامێنێت بۆ پاڵپشتیكردنی یانهكهیان، بهڵام بەهۆی ئەوەی قەتەر وەک پێویست ڤیزەی بە هاندەرانی زاخۆ نەداوە، تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم کە لە نێوان (50 بۆ 60) هاندەر دەبن توانیویانە بگەنە قەتەر بۆ پاڵپشتی تیپەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاندەرانی زاخۆ ئامادەبوون بە هەزاران کەس گەشت بکەن.
ئامارەکانی زاخۆ لە قۆناغی کۆمەڵەکان؛ باڵادەست و بەهێز
زاخۆ بە کارنامەیەکی درەوشاوە و ئامارێکی بەهێزەوە گەیشتووەتە ئەم قۆناخە، دوای ئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا زۆرترین خاڵی کۆکردەوە و بە 13خاڵەوە پێشەنگی گرت؛ ئەمەش دوای شەش یاری کە تێیدا لە چوار یاریدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و تەنیا لە یەک یاریدا یەکسان بوو و یەک جاریش دووچاری شکست هات.
لە رووی هێرشبەری و بەرگریشەوە تیپەکە هاوسەنگییەکی تەواوی هەبووە، بە جۆرێک 9 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 4 گۆڵی لێکراوە.
رێگای بەرەو نازناو
ئێستا زاخۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە و بڕیارە سبەی یهكشهممه کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر لە دەوحە رووبەڕووی شەبابی سعوودی ببێتەوە.
ئەگەر کوڕانی زاخۆ بتوانن ئەم بەربەستە ببڕن، ئەوا راستەوخۆ دەگەنە یاریی کۆتایی کە بڕیارە لە 23ـی ئەم مانگەدا یاریی كۆتایی ههر له دهوحه بكرێت، لەوێشدا بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوەکە براوەی یارییەکە رووبەڕووی براوەی نێوان رەیانی قەتەری و قادسیەی کوێتی دەبێتەوە.



