جێفرین تێیدا بەشدارە؛ ریال مەدرید پێی وایە دەستێکی رەش لە پشت دەرکردنیانە
پەیوەندی بە ململانێیکانی رابردوو لەگەڵ یوێفا هەیە

یاریگا –
یانەی ریال مەدرید پێی وایە دەستێکی شاراوەی ئالێکساندەر جێفرین لە پشت دوورخرانەوەی یانەکە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا هەیە.
نیگەرانییەکانی یانەکە لەسەر ئەو کارتە سوورە چڕبووەتەوە کە بەرامبەر ئێدواردۆ کاماڤینگا لە میونشن بەرزکرایەوە، کە پێیان وایە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ کۆتاییهێنان بە دەرفەتەکانیان لەو قۆناخەدا. بڕیارەکە لەلایەن سلاڤکۆ ڤینچیچی ناوبژیوانەوە درا، کە ئەویش وەک جێفرین سلۆڤێنییە، ئەمەش گومانی لەنیو کەمپی ریال مەدرید دروستکردووە.
پەیوەندییەکانی نێوان ریال مەدرید و یوێفا بەهۆی تێوەگلانی یانەکە لە پڕۆژەی سوپەرلیگی ئەوروپا لەمێژە ئاڵۆزن. ئەگەرچی هەردوولا لە مانگی شووباتدا بە ئاشکرا گەیشتنە لێکتێگەیشتن، بەڵام بە گوێرەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، بێمتمانەیی هێشتا کۆتایی نەهاتووە. ئامادەبوونی جێفرینیش لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی لە مەدرید، تەنیا هەستیاریی ئەو رووبەڕووبوونەوەیەی زیاتر کرد.

ئەو ساتە سەرەکییەی کە تووڕەیی لێکەوتەوە، کارتی زەردی دووەمی کاماڤینگا بوو لە خولەکی 87، کە بەهۆی کات کوشتنەوە پێی درا. ریال مەدرید ئەمە وەک خاڵێکی وەچەرخان دەبینێت کە بە کردەیی هیوای گەیشتن بە قۆناخەکانی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەی لەناوبرد.
هەروەها تیشک خراوەتە سەر کاروانی وەرزشی ڤینچیچ، لە نێویاندا بەرزبوونەوەی خێرای پێگەکەی لە پاڵەوانییەتییەکانی یوێفادا و دیاریکردنی بۆ یارییە گەورەکانی وەکوو یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ و یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کە یانە گەورەکان تێیدا بەشدارن.
لەنێو یانەکە ئەو هەستە بەردەوامە کە بڕیارەکە تەنیا بڕیارێکی ئاسایی ناوبژیوان نەبووە، بەڵکوو شتێکی بەمەبەست بووە و پەیوەندی بە ململانێیکانی رابردوو لەگەڵ یوێفا هەبووە.



