
یاریگا –
نەورۆز تووشی شکستێکی چاوەڕوان نەکراو هات و راهێنەری تیپەکەش جارێکی دیکە ئامانجی یانەکە ئاشکرا دەکات.
لە گەڕی 29ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی تووشی شکستێکی چاوەڕوان نەکراو هات و بە ئەنجامی 2 _ 1 بە یانەی نەجەف دۆڕا، کلاودیۆ ئۆلیڤێڕا هێرشبەری بەرازیلی نەورۆز لە خولەکی 90+4 بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، نەجەفیش گۆڵی سەرکەوتنی لە خولەکی 90+4 تۆمارکرد.
دوای یارییەکە وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز هۆکاری شکستەکەی باسکرد و جارێکی دیکەش ئامانجی تیپەکەی لە خولەکە ئاشکرا کرد:
یارییەکی باشمان پێشکەشکرد بە تایبەت لە ڕووی هونەرییەوە ئێمە لایەنی یەکەم بووین لە یارییەکە، گێمی یەکەم دەرفەتی زۆرمان هەبوو بەڵام یاریزانەکان سەرکەوتوو نەبوون لەگۆڵ تۆمارکردن، ئامانجی ئێمە مانەوەبوو لە خولەکە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدەین لە یارییەکانی داهاتوو شوێنی خۆمان لە ریزبەندییەکە باشتر بکەین، پیرۆزبایی لە هاندەران و یاریزانانی نەجەف دەکەم.
وێڕای شکستی سوورپۆشەکانی سلێمانی، بە کۆکردنەوەی 42 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەم مایەوە، گەڕی داهاتووش لە بەغدا رووبەڕووی تەڵەبە دەبێتەوە، نەجەفیش بە 17 خاڵ لە ریزبەندی 19ـەو پێش کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



