
یاریگا –
یانەی قاسم خراپترین ئاماری تۆمار کرووە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و 27 شکستی هەیە لە 28 یارییدا.
یانەی قاسم لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، لە دوای 28 گەڕی خولەکە خاوەن یەک یەکسان بوونە و 27 یارییش شکستی هێناوە، خراپترین هێلی بەرگری هەیە لە نێو سەرجەم یانەکانی خولەکە و تا ئێستا 73 گۆڵی لێ تۆمار کراوە، خاوەن خراپترین هێلی هێرشبەریشە کە تەنها حەفت گۆڵیان لە خولەکە تۆمار کردووە.
لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق قاسم تا ئێستا سێ راهینەری گۆڕیوە، لەسەرەتای وەرز وەمیز مونیری میسری ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکەی وەرگرت، دواتر هەمزە هادی شوێنی راهێنەرە میسریەکەی گرتەوە کە بەهۆی ئەنجامی خراپ ئەویش دەستی لەکارکێشایەوە، ئێستاش حەسەن هادی راهێنەرایەتی تیپەکە دەکات.
گۆڵکاری یانەکە عەبدوڵا باسمە کە دوو گۆڵی تۆمار کردووە لەم وەرزەدا، قاسم تاکە یانەیە تا ئێستا دابەزینی بۆ خولی نایابی عێڕاق بۆ وەرزی داهاتوو مسۆگەر کردووە، لە گەڕی 29ـی خولەکەش لە یاریگای فرانسۆ هەریری رووبەڕووی هەولێر دەبێتەوە.



