بارسێلۆنا کۆڵ نادات؛ پارێزەرانی یانەکە پێداچوونەوە بۆ بڕیاری یوێفا دەکەن
دوای روونکردنەوە بڕیار دەدەن

یاریگا –
رافا یوستێ، سەرۆکی بە وەکالەتی بارسێلۆنا پشتڕاستی کردەوە کە بارسێلۆنا شیکاریی بۆ رەتکردنەوەی سکاڵاکەیان لەلایەن یوێفاوە دەکات.
یوستێ دەڵێت:
دەستەی یاسایی یانەکە خوێندنەوە بۆ هۆکارەکانی قبووڵنەکردنی داواکەمان لەلایەن یوێفاوە دەکەن و هەر کاتێک ئەو روونکردنەوەیەمان وەرگرت، بڕیار دەدەین چی بکەین.
سەبارەت بە مشتومڕەکان لەسەر چیمەنی یاریگا، یوستێ نیگەرانییەکانی کەمکردەوە و سەبارەت بە گلەییەکانی هانزی فلیک گوتی:
من نیگەران نیم، نوێنەرانی یوێفا لەگەڵ هەردوو یانە لە گفتوگۆ دابوونە و پێم وایە یاریگاکە لە دۆخێکی نموونەییدا دەبێت. رێنماییەکانی یوێفا روونن و دەمانەوێت رێزیان لێ بگیرێت.
سەرەڕای گرژییەکە، یوستێ پێش رووبەڕووبوونەوە یەکلاییکەرەوەکە باوەڕبەخۆبوونی نیشاندا و گوتی:
من زۆر گەشبینم و هەمیشە وریاین. لەگەڵ تیمەکە بوومە، سەیری راهێنانەکانم کردووە و باوەڕبەخۆبوون لە یاریزانەکان دەبینم، پێیان وایە ئەستەم نییە و لێرەین بۆ ئەوەی بەدەستی بهێنین. بێگومان سەرنەکەوتن بێهیواییەکی گەورە دەبێت، ئامانجمان بردنەوەی گەورەترین نازناوەکانە و نەبردنەوە هەمیشە بێهیواکەرە، بەڵام هیواخوازین ئەوە روونەدات.



