ئاشکرابوو؛ نێیمار دا سیلڤا لەلایەن یانەکانی بەشدار لە چامپیۆنزلیگ داواکراوە
نێیمار سێنیەر قسەی بۆ رۆژنامەی لیکیپ کردووە

یاریگا –
نێیمار دا سیلڤا، گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی بەڕازیل لە سەرەتای ئەمساڵ گەڕایەوە یانەی منداڵی خۆی، ئەمەش دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ هیلالی سعوودی.
نێیمار و سانتۆس لەسەر گرێبەستێکی کورتمەودا رێککەوتن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش دەنگۆی زۆر بۆ گەڕانەوەی نێیمار بۆ ئەوروپا هەن.
باوکی نێیمار ‘نێیمار سێنیەر’ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی لیکیپ دووپاتیکردەوە، یانەی گەورەی ئەوروپا بۆ نێیمار لەسەرهێڵن؛
ئەم هەفتەیە دەچینە مەیامی، تاوەکو قسە لەگەڵ یانەکان بکەین، دەبێ سەرەتا گوێیان لێبگرین و دواتر بڕیار بدەین.
بەڵێ، یانەی ئەوروپی هەن و بەشێکیان بەشداری چامپیۆنزلیگییان کردووە. ئەوان دەزانن نێیمار دەتوانێت یارمەتییەکی زۆرییان بدات. بەڵام لە بەڕازیلیش یانەی گەورە داوای دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، باوکی نێیمار بژاردەی مانەوەی لە سانتۆس تاوەکو کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2026 بەدوور نازانێت؛
هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئەم بژاردەیە دەکەین، دەرفەتێکی گەورە بۆ مانەوەی نێیمار لە سانتۆس هەیە و خەریکم کاری لەسەر دەکەم.
نێیمار هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە لە مۆندیالی داهاتوو سەرکردایەتی بەڕازیل بکات. نێیمار جونیۆر 128 یاریی نێودەوڵەتی کردووە و خاوەنی 79 گۆڵە.