
یاریگا –
ئەنچیلۆتی بڕیاریداوە بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر ریال سۆسیداد پشوو بە دوو یاریزانی سەرەکی بدات و لەو یارییە یارییان پێناکات.
تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاریداوە بۆ یارییەکەی سبەی چوارشەممە بەرامبەر ریال سۆسیداد پشوو بە تیبۆ کۆرتوا و فێدریکۆ ڤالڤێردی بدات، ئەو دوو یاریزانە بەشداریی ئەو یارییەی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ناکەن.
ریلیڤۆ راشیگەیاندووە، کۆرتوا و ڤالڤیرید کە ئەم وەرزە زۆرترین کات یارییان کردووە، پشوویان پێدەدرێت و بۆ یارییەکەی سۆسیداد گەشتی سان سێباستیان ناکەن و هەر لە مەدرید دەمێننەوە، چونکە ئەنچیلۆتی دەیەوێت لەم قۆناخەدا پارێزگاری لە یاریزانەکانی بکات.
ڤالڤێردی لە لای راست بۆشاییەکی گەورەی پێکهاتەکەی ئەنچیلۆتی پڕکردووەتەوە، بۆیە لەم قۆناخەدا ریال مەدرید دەیەوێت پارێزگاریی لێبکات، لە یارییەکەی سۆسیداد دەرفەت بە ئاندریێ لونین دەدەن و کۆرتوا پشوو وەردەگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیا ئیسپانییەکە، پێشبینی دەکرێت لە یارییەکەی سبەی بەرامبەر سۆسیداد هەریەکە لە ئاردا گولەر و ئێندریک لە پێکهاتەی سەرەکی ریال مەدریددا بن.
سبەی چوارشەممە ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا کاتژمێر 11:30 لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی ریال سۆسیداد.