راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

پریڤیوی یاریی نەورۆز V هەولێر؛ دوا هەواڵ و پێكهاتەی پێشبینیكراو

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ کۆتایی بە قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، نەورۆز لە گەڕی نۆزدەمی خولەکە لە یاریگای نەورۆز لە سلێمانی کاتژمێر 14:00 لە دێربی کوردستان میوانداریی هەولێر دەکات.

یارییەکە راستەوخۆ لە هەژماری تۆڕی وەرزشی یاریگا لە فەیسبووک و یوتیوب بە دەنگی راستی میهرەبانی کۆمێنتاری کوردی دەگوازرێتەوە و سات بە ساتیش لە ئەپلیکەیشنی یاریگا یارییەکە رووماڵ دەکرێت.

پێش ئەم یارییە هەولێر بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ لە پلەی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت و نەورۆزیش بە 23 خاڵ لە پلەی سێزدەمی خولەکە دێت.

هەرگیز هەولێر لە سلێمانی لە نەورۆزی نەبردووەتەوە

لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەیاندا هەرگیز هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق (خولی نایابی پێشوو) لە سلێمانی لە رکابەرەکەی نەبردووەتەوە، لەکۆی شەش رووبەڕووبوونەوەیاندا نەورۆز دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە و هەولێریش بردنەوەیەکی بەدەستهێناوە کە لە یاریگای فڕانسۆ هەریری بووە.

وەرزی رابردوو کاتێک نەورۆز میوانداریی هەولێری کرد هەردوولا 4-4 یەکسانبوون، کە محەمەد قاسم لەو یارییە لە یاریگای سلێمانی هاتریکی بەرامبەر یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی کرد، لە دوو سەردانەکەی دیکەی بۆ سلێمانی، هەولێر هەردوو جار لە ساڵەکانی 2022 و 2023 تووشی شکست بووە.

دوای ئەوەی نەورۆز بۆ ریزی یانە نایابەکانی عێراق سەرکەوت، لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەیاندا هەولێر لە یاریگای دهۆک 4-2 لە نەورۆزی بردەوە کە ئەو یارییە لە دووری یاریگای فڕانسۆ هەریری بەڕێوەچوو، یانەکەی قەڵاومنارە جگە لەو بردنەوەیە هیچ سەرکەوتنێکی دیکەی بەرامبەر نەورۆز بەدەست نەهێناوە.

هەولێر بەبێ دوو یاریزانی پیشەگەری دەبێتە میوانی نەورۆز

هەریەکە لە هێلیۆ مۆنتیێرۆ بەرگریکاری بەڕازیلی و یوسف بن سۆدە هێرشبەری توونسی بەهۆی کەلەکەبوونی کارتە زەردەکانیان بۆ ئەم یارییە بەردەست نابن، ناتوانن بەشداریی یارییەکەی دێربی کوردستان بکەن.

پێشبینی دەکرێت عەباس یاسین بەرگریکاری پێشووی نەورۆز کە لە میرکاتۆی زستانە لە نەورۆزەوە روویکردە ریزەکانی هەولێر لەم یارییە شوێنی هێلیۆ بگرێتەوە و رووبەڕووی یانەی پێشووی بێتەوە.

مەڕوان حوسێن لە ترۆپکی ئاستی رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە

مەڕوان حوسێن هێرشبەری نەورۆز کە لە وەرزی 2021/2022 لە ریزی یانەی هەولێر یاریی دەکرد، لە ترۆپکی ئاستیدا رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە.

مەڕوان حوسێن کە لە یاریی رابردووی یانەکەی بەرامبەر مینا هاتریک و ئەسیستێکی کرد و ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق گەیاندە 10 گۆڵ، رووبەڕووی هەولێر دەبێتەوە، کە ئەو هێرشبەرە 33 ساڵانە لە 18 یاری 10 گۆڵ و ئەسیستێکی کردووە.

جگە لە کلاودیۆ ماڕادۆنا، ئاسۆ رۆستەم هێرشبەری پیشووی هەولێر رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە کە لەم وەرزە 4 گۆڵ و 4 ئەسیستی بۆ یانەکەی سلێمانی کردووە.

نەورۆز کە لە مێرکاتۆی زستانە 14 یاریزانی بەڕێکرد و 14 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە ریزەکانی، پێش ئەم یارییە بە هەواڵێک دڵی هاندەرانی خۆشکرد و بۆ ماوەی دوو وەرزخ تاوەکو 2027 نوێکردنەوەی گرێبەستی کلاودیۆ ماڕادۆنا هێرشبەری بەڕازیلی یانەکەی راگەیاند.

بابەتی زیاتر

Back to top button