یەکلاییدەبێتەوە؛ تێن هاخ دەبێتە راهێنەری دۆرتموند؟
"پێنج راهێنەر بەربژێرن"
یاریگا –
ئێریک تێن هاخ ئامادە نییە لەم زستانە پۆستی راهێنەرایەتی دۆرتموند وەبگرێت.
ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی بۆڕووسیا دۆرتموند بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی نوری شاهینی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دوورخستەوە.
ئێریک تێن هاخی هۆڵەندی و راهێنەری پێشووی مانچێستەر یونایتد ناوی بە یانەکە بەستراوەتەوە، لە چەند یارییەکی رابردووی دۆرتموند لە یاریگا ئامادەبووە و هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەکە کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس، تێن هاخ بڕیاریداوە لەم زستانە پۆستی راهێنەرایەتی یانە ئەڵمانییەکە وەرنەگرێت. راهێنەرە هۆڵەندییەکە پێکهاتەی ئێستای دۆرتموندی بەدڵ نییە و کاتەکەشی بەگونجاو نازانێت.
سکای ئاماژەی بەوەش کردووە رۆجەر شمدیتی راهێنەری پێشووی بێنفیکا، نیکۆ کۆڤاچی راهێنەری پێشووی بایرن میونشن، ساندرۆ ڤاگنەری یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و سێباستیان هۆنێسی راهێنەری شتوتگارت بەربژێرن بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی زەردەواڵەکانی ئەڵمانیا.
بەڵام هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە بەریتانییەکە، رۆجەر شمدیتی ئەڵمانیش هاوشێوەی تێن هاخ حەز ناکات لە نیوەی وەرز پۆستی راهێنەرایەتی دۆرتموند لەئەستۆ بگرێت.