یاریگا –
تەها زاخۆیی هێرشدەکاتە سەر یەکێتی تۆپی پێی عێراق و دەڵێت تەنها کات و شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانمان دەوێت.
بە هۆی نادیاری کاتی یارییەکانیان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، تەها زاخۆیی سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فیس بوک هێرشێکی تووند دەکاتە سەر یەکێتی تۆپی پێی عێراق و عەدنان درجال سەرۆکی یەکێتیەکە و لێژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق.
سەرپەرشتیارەکەی زاخۆ دەڵێت هەفتەیەکە داوای کات و شوێنی یارییمان بەرامبەر مینا دەکەم چونکە وەک دەزانن رێگاکە دوورە لە نێوان زاخۆ و بەسڕە ، دوو رۆژ قەدەغەی هاتوو چۆ هەیە لە عێراق، ئێوە دەڵێن خول پێش دەخەین من تەنها دەمەوێ کات و شوێنی یارییەکەمان بزانم بۆ ئەوەی پلیتی فرۆکە دابین بکەین بۆ گەشتەکەمان، بەڵام نازانن کەی یارییەکە دەکرێت و تەنها خوا دەزانێت، پەیوەندیم بە نوسینگەی فرۆکەوانی کردووە بۆ پلیت دەڵێت بۆ چ کاتێکە ووتوومە نازانم، لەگەڵ هۆتێلی بەسڕە پەیوەندیم کردووە تاوەکو شوێنی حەوانەوە بۆ یاریزانەکان دابین بکەین دەڵێت بۆچ کاتێکە ووتوومە نازانم!
تەها لە باسی یاریزانەکانیان کە لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان یاریی دەکەن زیاتر دەڵێت: ئێمە یاریزانمان هەیە لە هەڵبژاردەی عێراق و ئەردەن و سوریا، ئێستا ئەوان چیبکەن؟ بگەڕێنەوە زاخۆ یاخود راستەوخۆ بچنە بەسڕە؟ پەیوەندیم بە ئەندامێکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق کردووە و دەڵێت نازانین کەی یارییەکە دەکرێت، ئەگەر راهێنەری تیپەکەشمان قسە بکات و رەخنە بگرێت دەڵێن ئەگەر ئەوە لە قەتەڕ بێت دەتوانێت ئەوقسانە بکات؟ ئێمە هیچمان ناوێت تەنها دەمانەوێت بزانین کەی یاریی دەکەین و لەچ یاریگایەک یاریی دەکەین.
بە هۆی یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 نزیکەی 13 رۆژە خولی ئەستێرەکانی عێراق وەستاوە و تا ئەم ساتەش کات و شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانی گەڕی هەشتەمی خولەکە رانەگەیەنراوە.