سوپەر ماریۆ دەگەڕێتەوە سێریا ئەی و هەمووان بە خۆی سەرقاڵ دەکات
یەک هەنگاو لە سێریا ئەی دوورە
یاریگا –
ماریۆ بالۆتێلی نزیکە جارێکی دیکە هەمووان بە خۆی سەرقاڵ بکات و بگەڕێتەوە سێریا ئەی.
یاریزانی 34 ساڵان لە دوای جێهێشتنی یانەی ئەدەنە دەمیرسپۆری تورکییەوە بێ یانەیە. بەگوێرەی زانیارییەکانی نیکۆلۆ شیرا، رۆژنامەنووسی دیاری ئیتاڵی، جێنوا بە قووڵی بیر لە گواستنەوەی بالۆتێلی دەکاتەوە.
Mario #Balotelli is training with prof Stefano Mazzoldi in Castegnato: the striker is waiting for #Genoa’s final green light to sign for Rossoblù. Super Mario is very excited about the possible return to Serie A. #transfers
— Nicolò Schira (@NicoSchira) October 25, 2024
بەرپرسانی جێنوا بە توانای جەستەیی سوپەر ماریۆ سەرسامن و گەشبینن بە گواستنەوەی و دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئاستی یانەکە. رۆژنامەنووسەکە جەختدەکاتەوە، ماریۆ چاوەڕێی دوای قسەی بەرپرسانی جێنوایە و زۆربەی قۆناخەکانیان بڕیوە.
رۆژنامەی گازێتا بڵاویکردووەتەوە، بالۆتێلی و جێنوا لەسەر وردەکارییەکانی گرێبەستەکە رێککەوتوون و مووچەی ساڵانەی لە نێوان 250 هەزار بۆ 300 هەزار یۆرۆ دەبێت و تاوەکو کۆتایی وەرز لەو یانەیە دەمێنێتەوە.
بالۆتێلی کاروانێکی پڕ مشتومڕی لەگەڵ یانە گەورەکانی ئەوروپا هەبووە. سوپەر ماریۆ یاریی بۆ یانەکانی مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول، ئینتەر میلان و ئەیسی میلان کردووە. ماریۆ لە کۆی 36 یاریی نێودەوڵەتیدا، 14 گۆڵی بۆ ئازۆری کردووە.