ئه‌وروپائیسپانیاراپۆرتی تایبەتفه‌ره‌نساگرنگترین

کیلیان ئێمباپێ كێیه‌؟ هه‌موو زانیارییه‌ك له‌سه‌ر ژیانی بزانه‌

Yariga App

یاریگا –

کیلیان ئێمباپێ فه‌ره‌نسی به‌فه‌رمی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی واژۆ كرد، بۆ وه‌رزی نوێ درێسی قه‌ڵای سپی ده‌پۆشێت، ته‌واوی زانیارییه‌كان له‌سه‌ر ژیانی یاریزانە فه‌ڕه‌نسیه‌كه‌ بزانه‌.

کیلیان ئێمباپێ کێیە؟

کیلیان ئێمباپێ لە 20 کانوونی دووەمی ساڵی  1998 لە ناوچەی 19ی پاریس لەدایکبووە، لە شاری بۆندی گەورە بووە، کە گەڕەکێکی چینی کرێکارانه‌ و 10.9 کیلۆمەتر لە باکووری پاریسی پایتەختی فەرەنسا دوورە، بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان دادەنرێت، به‌ خێراییه‌كه‌ی ناسراوه‌.

باوکی ویلفرید ئێمباپێ بە رەچەڵەک کامیرۆنییە، له‌ ئاستی لاوان راهێنەری تۆپی پێیە و دایکی فەیزە ئەلعەمماری بە رەچەڵەک جەزائیرییە و پێشتر یاریزانی تۆپی دەست بووه‌، ئێستاش بریكاری كوره‌كه‌یه‌تی.

ئێمباپێ لە منداڵیدا له‌ قوتابخانەیەکی کاسۆلیکی ئەهلی لە شاری بۆندی، خوێندوویه‌تی لەوێ بە بەهرەمەندی ئەکادیمی ناسراوبوو، جگه‌ له‌ زمانی فه‌ڕه‌نسی لە تەمەنی 13 ساڵیدا وانەی زمانی ئیسپانی خوێندووه‌ به‌باشی زمانه‌كه‌ ده‌زانێت، لە کۆتاییدا شارەزای زمانەکە بوو.

لە نێو ئەو یاریزانانەی کە لە منداڵیدا ئیلهامبەخش بوون بۆ ئێمباپێ، هه‌ریه‌كه‌ له‌ یاریزانان  زێدان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، نێیمار، رۆناڵدینیۆ، لیۆنێل مێسی، رۆناڵدۆ نازاریۆ، ئیدن هازارد، تیێری هێنری بوون.

كلیان چۆن ده‌ستی به‌ یاریی كرد ؟

کیلیان بە سەرکردایەتی باوکی فرێد ئێمباپێ دەستی بە مەشق و راهێنان کردووە و لە ماوەی ژیانی پیشەگەریدا ئاستەکەی لە ئەکادیمیای کلێرفۆنتەین تەواوكردووه‌.

لە ساڵی 2013، پەیوەندی بە تیمی لاوانی مۆناکۆ كرد،  سه‌ره‌تایی یاریكردنی له‌گه‌ڵ یانه‌ گه‌وره‌كان له‌  ساڵی 2015 لەگەڵ مۆناکۆ بوو.

لە مانگی تەمموزی 2013 و لە تەمەنی 14 ساڵیدا ئێمباپێ پەیوەندی بە ئەکادیمیای لاوانی مۆناکۆوە کرد، گرێبەستێکی سێ ساڵەی واژۆکرد، یانه‌ فه‌ڕه‌نسیه‌كه‌ گره‌وه‌كه‌ی له‌ یانه‌كانی  ریاڵ مەدرید، چێڵسی، لیڤەرپوول، مانچێستەر سیتی و بایرن میونشن برده‌وه‌.

لە ئۆکتۆبەری 2015 لیۆناردۆ جاردیم ئێمباپێی هێنا بۆ ئەوەی وه‌ك یه‌ده‌گ له‌گه‌ڵ تیپی یه‌كه‌می مۆناكۆ ببێت، بەڵام ئاست و لێهاتوویی و پێگەیشتنی وایکرد دوای تەنها سێ هەفتە ببێته‌ یاریزانێكی سه‌ره‌كی.

ئێمباپێ یەکەم یاری خۆی لەگەڵ تیپی یەکەم بۆ مۆناکۆ لە 2 کانوونی دووەمی 2015 بەرامبەر کاین لە خولی فەرەنسا ئەنجامدا، لە خولەکی 88 وەک یاریزانی یەدەگ له‌ شوێنی فابیۆ کۆنتراو هاتە ناو یاریگا و لە تەمەنی 16 ساڵ و 347 رۆژیدا بووە بچووکترین یاریزان لە مێژوودا بۆ مۆناکۆ یاریی بکات.

لە 20 شوباتی 2016، یەکەم گۆڵی خۆی لە تەمەنی 17 ساڵ و 62 رۆژیدا بۆ تیپی یەکەمی  مۆناکۆ تۆمارکرد ریکۆردی تیێری هێنری شکاند،بچووکترین گۆڵکاری مێژووی خوله‌كه‌.

جارێکی دیکە ژمارەی ریكۆردی تیێری هێنری شكاند، كاتێك لە 6 ئازاردا ئێمباپێ یەکەم گرێبەستی پیشەگەرانەی واژۆکرد، ماوەی گرێبەستەکەی سێ ساڵ بوو، تا مانگی حوزەیرانی 2019 بوو.

له‌ تەمەنی 16 ساڵی له‌گه‌ڵ مۆناكۆ نازناوی خولی فەرەنسی لە وەرزی 2016-2017-به‌ ده‌ستهێناو  خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی وه‌رگرت.

بووە دووەم لاوترین یاریزانی فەرەنسی کە له‌ لە چامپیۆنزلیگ دوای کەریم بنزیمە، گۆڵ تۆمار بکات، كاتێك لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی 16 گۆلی له‌ تۆڕی یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی ئینگلیزی كرد.

لە 5ی ئازاری هه‌مان ساڵ ئێمباپێ دوو گۆڵی بەرامبەر نانتێس تۆمارکرد لە یارییەکەدا کە بە بردنەوەی مۆناکۆ بە ئەنجامی 4-0 کۆتایی هات و ژماره‌ی گۆڵه‌كانی گەیشتە 10 گۆڵ لە خولەکەدا و بووە بچووکترین یاریزان کە لە ماوەی 30 ساڵدا بگاتە ئەم ژمارەیە.

لە 31ی ئابی 2017، کیلیان ئێمباپێ به‌شێوه‌ی خواستن بۆ یەک وەرز گرێبەستێکی لەگەڵ پاریس سانجێرمان واژۆکرد، لە وەرزی دواتر بە بڕی 145 ملیۆن یۆرۆ گرێبه‌ستی هه‌میشه‌یی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ كرد، لەدوای نێیمار بووه‌ دووەم گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا.

لە 8ی ئەیلول كیلیان  یەکەم یاری خۆی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە خولی فه‌ره‌نسی بەرامبەر یانەی مێتز ئەنجامدا و لەو یارییەدا توانی گۆڵێك تۆمار بکات کە بە بردنەوەی تیپەکەی بە ئەنجامی 5-1 کۆتایی هات.

ئێمباپێ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ كاروانی وه‌رزشی كارتی سوری به‌روویدا به‌رزكرایه‌وه‌ كاتێك لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی فەرەنسا بەرامبەر یانەی رێنس، به‌ به‌هێزی له‌ یاریزانێكی تیپی به‌رامبه‌ریدا و ناوبژیوان كارتی سووری به‌روویدا به‌رزكرده‌وه‌ .

 

لەگەڵ پاریس سان جێرمان شەش نازناوی خولی فەرەنسی و چوار جامی فەرەنسی بەدەستهێنا، سەرکردایەتی یانەکەی کرد كاتێك بۆ  یەکەمجار لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ساڵی 2020 به‌رامبه‌ر چێڵسی دۆران.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئێمباپێ یەکەم یاری خۆی لەگەڵ فەرەنسا لە ساڵی 2017 ئەنجامدا، ئەو کاتە تەمەنی 18 ساڵ بوو، لە مۆندیالی 2018، ئێمباپێ بووە بچووکترین یاریزانی فەرەنسی کە لە مۆندیالدا گۆڵی تۆمار کردبێت، هەروەها دووەم یاریزانی لاوه‌، دوای پێلێ، لە یاری کۆتایی مۆندیال گۆڵ تۆمار بکات.

لە مۆندیالی 2022 فەرەنسا گەیشتە یاری کۆتایی و به‌ ئه‌رجه‌نتین دۆرا، ئێمباپێ خەڵاتی پێڵاوی زێڕین بەدەستهێنا و ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵی لە یاری کۆتایی مۆندیالدا تۆمارکرد،یەکێکە لەو دوو یاریزانەی کە لە دوو یاری کۆتایی جامی جیهانی لەسەریەک گۆڵی تۆمارکردووە،  پێشتر  ڤاڤا یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی بەڕازیلی لە مۆندیالی 1958و 1962 ئه‌م كاره‌ی كردبوو.

ده‌ستكه‌وته‌كانی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ یانەکان ؟

  • 6 نازناوی خولی فه‌ڕه‌نسی یه‌ك جار له‌گه‌ڵ مۆناكۆ 5 جار له‌گه‌ڵ پاریس سان جێرمان
  • 3 نازناوی جامی فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ پاریس سان جێرمان
  • 2 نازناوی جامی كۆمه‌ڵه‌ی یانه‌كانی فه‌ڕه‌نسا
  • 3 نازناوی جامی سوپه‌ری فه‌ڕه‌نسا
  • 1 نازناوی جامی لاوانی گامباردێلا له‌گه‌ڵ مۆناکۆ

ده‌سته‌كه‌وته‌كانی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا ؟

  • 1 نازناوی جامی جیهانی ساڵی 2018
  • 1 نازناوی خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا ساڵی 2021
  • 1 نازناوی خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپای خوار ته‌مه‌ن 19 ساڵان له‌ ساڵی 2018

چەند دەستکەوتی تاکەکەسی لە ژیانی وەرزشیدا هەیە؟

  • 4 جار گۆڵکاری خولی فەرەنسا
  • 1 جار گۆلكاری جامی لاوانی گامباردێلا
  • 3 جار باشترین یاریزانی ساڵ لە فەرەنسا
  • 2 جار گۆڵکاری جامی فەرەنسا
  • یه‌ك جار پێلاوی زێرین له‌گه‌ڵ مۆناكۆ ساڵی 2017
  • باشترین یاریزانی لاو له‌ مۆندیال ساڵی 2018
  • 3 جار باشترین یاریزانی لاوی خولی فەرەنسا.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button