ئیسپانیائینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ئاشقی رووبەڕووبوونەوەی بەرگریکارم؛ کەی بارسێلۆنا گرێبەستی گۆردن رادەگەیەنێت؟

"زۆر دڵخۆشم"

Yariga App

یاریگا –

گواستنەوەی ئانتۆنی گۆردن بۆ یانەی بارسێلۆنا بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بەڕێوەچوو و چاوەڕوان دەکرێت بە زووترین کات بە فەرمی رابگەیەنرێت. ئەم باڵە ئینگلیزییە، دوای تەواوکردنی پشکنینە پزیشکییەکان و رێکارە یاساییەکانی کۆتایی لە رۆژی پێنجشەممەدا، گرێبەستێک تاوەکوو ساڵی 2031 واژۆ دەکات.

پرۆسەی گواستنەوەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا خێرا بوو؛ رۆژی دووشەممە، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا و بۆیان کرکیچی سکرتێری تەکنیکی گەشتیان بۆ ئینگلتەرا کرد بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکان لەگەڵ نیوکاسڵ یونایتد. تاوەکوو رۆژی سێشەممە زۆربەی ورده‌کارییەکان رێککەوتنیان لەسەر کرا و شەوی چوارشەممەش گواستنەوەکە بە تەواوبووانە دانرا.

گۆردۆن رۆژی پێنجشەممە لە رێگەی گەشتێکی تایبەتەوە لەگەڵ بریکارەکانی (ئادەم دەگدەیڵ و ویڵ ساڵتهاوس) گەیشتە بارسێلۆنا. سەرەڕای دواکەوتنی گەشتەکەی بۆ زیاتر لە کاتژمێرێک، ئەم هێرشبەرە ئینگلیزییەکە بە زەردەخەنەوە لە فڕۆکەخانەی ئێل پرات نیشتەوە و راستەوخۆ بەرەو نەخۆشخانەی بارسێلۆنا بەڕێ کەوت بۆ ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان.

پشکنینەکان کە لە ژێر سەرپەرشتی ریکارد پرونا، پزیشکی تیمی یەکەمدا بوون، نزیکەی کاتژمێرێک و 20 خولەکیان خایاند. لەم نێوەندەشدا، بریکارەکانی گۆردن لەگەڵ دیکۆ لە سیوتات ئیسپۆرتیڤا خەریکی تەواوکردنی بەڵگەنامە کۆتاییەکانی گرێبەستەکە بوون.

ئانتۆنی گۆردن، یاریزانی نوێی بارسێلۆنا

ورده‌کارییە داراییەکان و خواستی فلیک

بارسێلۆنا بڕی 70 ملیۆن یۆرۆ وەکوو بڕی سەرەکی، لەگەڵ 10 ملیۆن یۆرۆ وەکوو پاداشتی بەستراو بە ئاستی یاریزانەکەوە پێشکەش دەکات. گۆردن گرێبەستێکی پێنج ساڵە واژۆ دەکات کە تاوەکوو ساڵی 2031 بەردەوام دەبێت.

ئەم باڵە ئینگلیزییە، کە یەکێک بوو لە دیارترین یاریزانەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، لەسەر داواکاریی تایبەتی هانزی فلیک گوازرایەوە، کە پێی وایە گۆردن زیادەیەکی گرنگ دەبێت بۆ هێڵی هێرشبەریی بارسێلۆنا.

دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی لە نووسینگەی رافا یوستێی سەرۆکی یانەکە، چاوەڕوان دەکرێت گۆردن دەستبەجێ بگەڕێتەوە ئینگلتەرا بۆ پەیوەندیکردن بە تیمی نیشتمانیی وڵاتەکەی پێش دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی جامی جیهانیی 2026.

پلانی بارسێلۆنا بۆ ئەمڕۆ

پلانی یانە کاتالوونییەکە ئەوەیە، ئەمڕۆ کاتژمێر 14:00 بەکاتی هەولێر، بەفەرمی گواستنەوەکە رابگەیەنێت، یەکەم خولی وێنەگرتنی گۆردن بە درێسی بلاوگراناوە رێکبخات و یەکەم چاوپێکەوتنی یاریزانەکەش وەکوو یاریزانێکی نوێی بارسێلۆنا تۆمار بکات.
گۆردۆن لە کاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانە بە کورتی بە رۆژنامەنووسانی گوت: “من زۆر دڵخۆشم”. راپۆرتەکانی ئینگلتەرا ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەم یاریزانە لە ئێستاوە بە رادەیەکی پێویست بە زمانی ئیسپانی قسە دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسانی پەیوەندی ببەستێت.

گۆردن پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە شێوازی یاریکردنی خۆی گوتبووی:

هەمووان دەیانەوێت بە تۆپەوە یاری بکەن، ئەوەش ئەو شوێنەیە کە تێیدا باشم. لە هەندێک رووەوە بەهرەی ناوازەم هەیە، ئەگەر بەکاری نەهێنم بەفیڕۆ دەچێت. من ئاشقی ئاڵەنگاریی رووبەڕووبوونەوەی بەرگریکاری باڵم.

بابەتی زیاتر

Back to top button