عێراق

عەلا دالی خیانەتکارە ؟

لە نێو یاریگا و بەردەم هاندەرانی خۆی ئێوارەی ئەمڕۆ 30\5\2024 کاتژمێر 6ـی ئێوارە یانەی نەفتی میسان میوانداری یانەی شوڕتەی خاوەن پلەی یەکەم دەکات.

لە گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و لە یاریەکی بەهێزدا یانەی نەفتی میسان بەبێ ئامادەبوونی شەش یاریزانی ڕووبەڕووی یانەی شوڕتە دەبێتەوە، هەر یەک لە عەلا دالی و ئەکرەم ڕەحیم و حەیدەر ڕەحیم و سەجاد جەبار و حوسێن مەتەڕ و عەلی خەلەف سەرجەمیان بە هۆی پێکانەوە لە یاریەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر شوڕتە دادەبڕێن، گومانەکان زیاتر لە سەر یاریزان عەلا دالی هێرشبەری سوری یانەی نەفتی میسانە کە گومان لە پێکانەکەی دا هەیە، هەندێ میدیا و پێگەی وەرزشی عێڕاقی ڕایان گەیاندووە کەوا سەرچاوەیەک لە نێو یانەی نەفتی میسان ئەوەی ئاشکرا کردووە  بە هۆی ئەو گرێبەستە خەیاڵیەی یانەی شوڕتە پێشکەشی یاریزان عەلا دالی کردووە و یاریزانەکەش بەڵێنی داوە وەرزی داهاتوو بۆ یانەی شوڕتە یاری بکات ڕێکەوتن هەیە لە نێوانیان کەوا یاریزانی ناوبراو ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی شوڕتە یاری نەکات، بۆیە کارگێڕی یانەی نەفتی میسان بەشێکیان پێیان وایە عەلا خیانەت دەکات و لە ئەگەری سەلماندنی ئەم کارە یاریزانی ناوبراو سزا دەدرێت لەلایەن یانەکەوە.

عەلا دالی هێرشبەری سوری و دووەم گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە بە تۆمار کردنی 17 گۆڵ، عەلا تەمەنی 27 ساڵە و پێشووتر یاری بۆ یانەکانی نەواعیری سوری و قەتەڕی قەتەڕی و تشرین و عەرەبی و شەبابی سوری و ئەم وەرزەش بۆ یانەی نەفتی میسان یاری دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button