ئینگلتەراگرنگترین

پریڤیوی یاریی کۆتایی جامی FA؛ تێن هاخ یاریی مان و نەمان دەکات و گواردیۆلاش چاوی لە سیناریۆی پارە

یاریگا –

ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 17:00 (بە کاتی هەولێر) مانچێستەر سیتی و مانچێستەر یونایتد لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا (FA CUP) لە یاریگای وێمبلی بە ناوبژیوانیەتی ئاندی مادلی  رووبەڕوو دەبنەوە.

شەیتانە سوورەکان دەیانەوێت تۆڵەی ساڵی رابردوو بکەنەوە

مان سیتی و مان یونایتد دووەم ساڵە لەسەریەک دێربی مانچێستەر دەبەنەوە یاریگای وێمبلی و لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەیەک دەگەن، ساڵی رابردوو سیتیزنس 2-1 لە رێد دێڤڵزی بردەوە و ئیلکای گۆندوگان پیاوی یارییەکە بوو، دووانەی کرد و جامە دیرینەکەی ئینگلتەرای بەرزکردەوە.

مان یونایتد کە لە دوایین حەفت یاریی بەرامبەر مان سیتی تەنیا بردنەوەیەکی بەدەستهێناوە و شەیتانە سوورەکان لە دوایین سێ یارییان بەرامبەر شینپۆشەکان دۆڕاون، مانچێستەر یونایتد لە مێژوودا 12 جار بووەتە پاڵەوانی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا و لە دوای ئارسێناڵ (14 نازناو) لە پلەی دووەم دێت و مانچێستەر سیتیش حەفت جار جامەکەی بەرزکردووەتەوە کە سێ نازناوی لە دوایین دوو دەیە بەدەستهێناوە.

بەشدار نەبووەکانی یاریی دێربی مانچێستەر

لە ریزەکانی مانچێستەر سیتی تەنیا ئیدەرسن گۆڵپارێزی بەڕازیلی لە یاریی دێربی مانچێستەر بێبەش دەبێت، گۆڵپارێزە بەڕازیلییەکە بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاریی بەرامبەر تۆتێنهام هۆتسپێرس تووشی بوو لە وێمبلی بەردەست نابێت و ستیفان ئۆرتێگا شوێنی دەگرێتەوە.

تایرێل مالاسیا تاکە یاریزانە لە مانچێستەر یونایتد بێبەش بوونی لە یارییەکەی ئەمڕۆ یەکلابووەتەوە، لوک شاویش بۆ یارییەکە ئامادە نابێت و ئیریک تێن هاخ بەردەست نەبوونی هاری ماگوایەریشی بۆ یارییەکە پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام ڤیکتۆر لێندیلۆف و مەیسن ماونت و ئانتۆنی مارسیال گەڕاونەتەوە راهێنانەکان.

Erik ten Hag can only save his legacy, not his job, in FA Cup final as Manchester United eye fresh start | Evening Standard

یارییەکەی وێمبلی بۆ تێن هاخ یاریی مان و نەمان دەبێت

دوای ئەوەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە دوای یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بڕیاری دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاخ راهێنەری مانچێستەر یونایتد دەدرێت، پێدەچێت ئەنجامی یارییەکەی دێربی مانچێستەر کاریگەریی لەسەر چارەنووسی راهێنەرە هۆڵەندییەکە دروست بکات.

پێشبینی دەکرێت ئەگەر شەیتانە سوورەکان لە یاریگای وێمبلی بە دۆڕاوی چوونە دەرەوە، ئەوا دەرکردنی تێن هاخ مسۆگەر بێت کە لەم وەرزە مان یونایتد بە کۆکردنەوەی 60 خاڵ لە پلەی هەشتەم کۆتایی بە پرێمەرلیگ هێنا و نەیتوانی بلیتی هیچ یەکێک لە چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ و کۆنفرانسلیگ بۆ وەرزی داهاتوو دەستبخات.

Man City vs Man Utd

کلیلەکانی یەکلاکردنەوەی یاریی کۆتایی جامی FA

ئێرلینگ هالاند و کێڤن دێ برۆین کە لەم وەرزەی جامی FA لە ترۆپکی ئاستیاندان کلیلی سەرکەوتنەکانی تیپەکەی گواردیۆلان بۆ ئەوەی دووانەی خول و جامی ئینگلتەرا ببەنەوە، لەم وەرزە لە جامی ئینگلتەرا هالاند پێنج گۆڵی کردووە و دێ برۆینیش پێنج ئەسیستی کردووە، هیوای هاندەرانی مانچێستەر سیتین لە یارییەکە.

برۆنۆ فێرناندێز ناوەڕاستکاری پۆرتوگاڵیش جێگای چاوی شەیتانە سوورەکانە کە لەم وەرزە لە پاڵەوانێتییەکە بەشداریی پێنج گۆڵی کردووە ( دوو گۆڵ و سێ ئەسیست)، فێرناندێز تاکە هیوای هاندەرانی مان یونایتدە بۆ ئەوەی ئەم وەرزە دەستبەتاڵ دەرنەچن و بە ئاهەنگگێڕان کۆتایی بە کابوسەکانی ئەم وەرزەیان بهێنن.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button