ئیسپانیاگرنگترین

10 یانە داوای یاریزانێکی ریال مەدرید دەکەن

یاریگا –

هاوین نەهاتووە و بە جارێ 10 یانەی جیاواز تەقولبابیان کردووە لە دەرگای ریاڵ مەدرید بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی کردووەتەوە کە 10 یانە پەیوەندی راستەوخۆیان بە یانە شاهانەکەوە کردووە بۆ گواستنەوەی ئاردا گولەر بە شێوەی خواستن بۆ وەرزی داهاتوو.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، خوازیارەکانی گولەر یانەی ناوەوە و دەرەوەی ئیسپانیایشی تێدایە. لە خولەکانی دیکەوە، یانەکانی ئەیسی میلانی ئیتاڵی و لە ئەڵمانیایش دۆرتمۆند و بایەر لیڤەرکوزنن. یانەکانی لالیگایش بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ بە خواستن گواستنەوەی لاوە تورکیەکە. دیارترینیان ریاڵ سۆسیداد، سێڤییا و ریاڵ بێتیسن.

هاوینی رابردوو ریال مەدرید یاریزانە لاوەکەی لە چنگی بارسێلۆنا رفاند و بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ لە فێنارباهچێی تورکییەوە بردییە ریزەکانی. هەر لە سەرەتاوە پێکانی تاقەتپڕوکێن بەرۆکی گرت و نەیهێشت خۆی بسەلمێنێت. ئەم وەرزە گولەر لەکۆی حەفت یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تەنیا 98 خولەک یاریی کردووە و گۆڵێکیشی کردووە و هیچ یارییەکی لالیگا بە سەرەکی بەشداریی نەکردووە. چاوەروان دەکرێت یاری داهاتووی ریاڵ مەدرید بەرانبەر سۆسیداد یەکەم بەشداری ناوبراو بێت بە شێوەی سەرەکی لە یارییەکانی خولی ئیسپانی.

بابەتی زیاتر

Back to top button