ئینگلتەرا

هاندەرانی لیڤەرپوول لە شوێنی زێدان داوای راهێنەرێکی تر دەکەن

یاریگا –

هاندەرانی لیڤەرپوول لە راپرسییەکدا رایانگەیاند کە نایانەوێت زێدان سەرکردایەتی ئەم تیپە بکات و پێیان باشترە ستیڤن جیرارد، جێگەی یۆرگن کلۆپ بگرێتەوە.

چەند مانگێک لەمەوبەر بوو کە کلۆپ رایگەیاند کە دەیەوێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لیڤەرپوول بەجێبهێڵێت، چونکە زۆر ماندووە و ناتوانێت بەردەوام بێت و پێویستی بەوەیە ماوەیەک لە جیهانی تۆپی پێ دوور بکەوێتەوە.

دەنگۆی راهێنەرە نوێیەکەی لیڤەرپوول لە وەرزی داهاتوو لە هەمان کاتەوە دەستی پێکرد، هەروەها ناوی چەندین راهێنەری گەورەی جیهانی تۆپی پێ لە تەنیشت ناوی ئەم یانەیە بیستراوە. زیدان یەکێکە لە بژاردە جدییەکان بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا سەرکردایەتی لیڤەرپوول قبوڵ بکات.

ئەم راهێنەرە فەڕەنسییە تا ئێستا راهێنەرایەتی هیچ تیپێکی تری جگە لە ریال مەدرید نەکردووە و هەرچەندە دوای دەستکەوتی زۆر لەگەڵ یانە شاهانەکە وا دیارە هاندەرانی لیڤەرپوول زۆر حەزیان لە بوونی ئەو لە ئەنفێڵد نییە و پێیان باشترە ئەستێرەی پێشووی یانەکەیان، جێرارد سەرکردایەتی رێدز بگرێتە ئەستۆ.

ستیڤن جێرارد

لە راپرسییەکدا کە لەلایەن لایڤ سکۆرەوە ئەنجامدراوە کە تێیدا 2036 هاندەری لیڤەرپوول بەشداریان کردووە، نزیکەی 41%یان رایانگەیاندووە کە حەز دەکەن جیرارد لەسەر کورسی یەدەگ ببینن. دوای ئەویش چابی ئەلۆنسۆ و زیدان بە رێژەی 18% و 8%ی دەنگەکان پلەی دووەم و سێیەمیان بەدەستهێنا.

لە دوای ئەم سێ راهێنەرە گراهام پۆتەر بە رێژەی 6%، ئەینج پۆستیکۆگلۆ و رۆبێرتۆ دی زێربی هەریەکەیان بە رێژەی 5%، ئامۆریم و جولیان ناگلسمان بە رێژەی 4%، هانسی فلیک بە رێژەی 3% و لویس ئێنریکی بە رێژەی 2% بەدەست هێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button