ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

کۆنگرەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز؛ هەوڵێک بۆ شاردنەوەی قەیرانەکانی ریال مەدرید

شیکاریی تۆڕی ئاتلێتیک بۆ کۆنگرە سەیر و پڕ لە گرژییەکەی پێرێز

Yariga App

یاریگا –

کۆنگرە رۆژنامەوانییە کتوپڕەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، زیاتر لەوەی وەڵام بێت بۆ پرسیارەکان، بووە هۆی دروستبوونی سەرسووڕمانێکی گەورە.

تۆڕی ئاتلێتیک کە دوو رۆژنامەنووسی لە کۆنگرەکە ئامادەبوون، شیکارییەکی وردیان بۆ دیوە شاراوەکانی پشتی قسەکانی پێرێز کردووە و پێیان وایە ئەمە تەنیا دووکەڵێکە بۆ شاردنەوەی ئاگرەکە.

کاتەکە؛ بۆچی ئێستا هەڵبژاردن دەکرێت؟

بەگوێرەی شیکارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە، دەکرێت بڕیارەکەی پێرێز بۆ بانگهێشتکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە دوو گۆشەنیگاوە بخوێندرێتەوە؛ وشەکانی یان کاتەکەی.

لە رووی کاتەوە، سەرۆکایەتییەکەی پێرێز لە ساڵی 2025 تازەکرایەوە، بەڵام ریال مەدرید بۆ دووەم وەرزی یەک لەدوای یەک بەبێ هیچ نازناوێکی گەورە و بەدەستی بەتاڵەوە دێتە دەرەوە، هەروەها پڕۆژەی گۆڕینی شێوازی خاوەندارێتیی یانەکەش راگیراوە.

ئاتلێتیک پێی وایە کە پێرێز هەستی بە خنکان کردووە و پێویستی بەوە بووە هەناسەیەک وەربگرێت. بڕیار بوو پێنجشەممە لە یاریی لالیگا بەرامبەر ریاڵ ئۆڤیێدۆ، هاندەران لە بێرنابیۆ بە توندی هێرش بکەنە سەر کارگێڕی و یاریزانان، بۆیە پێرێز ئەم کۆنگرەیەی وەکوو ئامرازێکی هێورکەرەوە بەکارهێنا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی هاندەران پێش یارییەکە.

پەیامە شاراوەکەی پێرێز روونە؛ ئەو هەست بە مەترسی دەکات و دەیەوێت جارێکی دیکە متمانە و شەرعییەتی ئەندامانی یانەکە بەدەستبهێنێتەوە دوای چوار هەڵبژاردن کە بە بێرکابەر دەرچووە.

سەرسووڕمان، قسەی ناڕوون و لێدوانی مەترسیدار

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا، رۆژنامەنووسەکەی ئاتلێتیک وەسفی کەشوهەوای هۆڵەکە دەکات و دەڵێت پێشبینییەکان هێندە گەورە بوون وەکوو ئەوەی یاریی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بێت چونکە لە 2015ـەوە پێرێز کۆنگرەی نەکردووە، بەڵام ئەوەی روویدا لە رووی لۆژیکییەوە کارەسات بوو.

 چەند خاڵێکی سەیر لە رەفتارەکانی پێرێز.

  • مایکە کوژاوەکە؛ بۆ ماوەی حەوت خولەک پێرێز قسەی دەکرد بە بێ ئەوەی دەنگی بڕواتە نێو مایکەکەوە، تاوەکوو دواجار رۆژنامەنووسێک وێرای پێی بڵێت کە مایکەکەی کار ناکات.

  • لەدەستدانی لۆژیک؛ هەرچەندە وتارەکەی وزەی تێدابوو، بەڵام بەرەبەرە لۆژیکی لەدەستدا؛ لەبری ئەوەی باس لە قەیرانی بێ نازناوی ریال مەدرید بکات بۆ دوو ساڵ، سەرنجی خستە سەر داهێنانی چیرۆکی پیلانگێڕیی لەلایەن رۆژنامەنووسان و رکابەرە نەناسراوەکانییەوە.

  • لێدوانە ئابڕووبەرەکان؛ گرژییەکی زۆر لە نێوان پێرێز و رۆژنامەنووسێکی رۆژنامەی ABC دروستبوو. کۆرتێگانا دەڵێت پێرێز قسەی زۆر مەترسیداری کردووە، بەتایبەتی کاتێک هێرشی کردە سەر خانمە رۆژنامەنووسێک و گوتی؛

     

    با سەیر بکەین، ئەو کچە، نەفرەت… مافی خۆیەتی قسەی دڵی بکات؛ بەڵام هەمووتان زۆر ناشرینن.

  • پاساوە سەیرەکەی سوپەرلیگ؛ کاتێک باسی شکستی پڕۆژەی سوپەرلیگی کرد، لێدوانێکی زۆر نامۆی دا

    دۆسیەی سوپەرلیگمان بردەوە هەر بۆیە توانیمان لەگەڵ یوێفا دانوستان بکەین، ئەوەی کردمان بۆ بەرژەوەندی تۆپی پێ بوو، بۆ ئەوە بوو منداڵانی ئەفریقا بتوانن بەخۆڕایی تەماشای تۆپی پێ بکەن.


دەرەنجامی کۆنگرەکە؛ راکردن لە پرسیارە وەرزشییەکان

هەردوو رۆژنامەنووسەکەی ئاتلێتیک کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئامانجی سەرەکی کۆنگرەکە خۆدزینەوە بوو. کاتێک پرسیار لەسەر داهاتووی راهێنەر ئالڤارۆ ئاربێلوا و ئاڕاستەی وەرزشی یانەکە کرا، پێرێز بە توندی رەتیکردەوە وەڵام بداتەوە و دەیگوت ئەمڕۆ باسی تۆپی پێ ناکەین. تەنانەت شەڕیژووری خۆگۆڕینی نێوان ڤالڤێردی و چوامێنی بە ئاسایی دانا و لەبری ئەوە هێرشی کردە سەر ئەوەی کێ هەواڵەکەی دزەپێکردووە. لە کۆتاییدا، کۆنگرەکە هاندەرانی لەنێو هەمان وێرانەی قەیرانەکاندا هێشتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە ژاوەژاوێکی سیاسیی زیاترەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button