ئیسپانیاگرنگترین

یاریزانه‌ ئیسپانیه‌كان له‌ گۆڵكردنی كلاسیكۆ به‌رۆژوون

یاریگا –

ئه‌مشه‌و كاتژمێر 10:00 به‌ كاتی هه‌رێمی كوردستان یاری كلاسیكۆی ئیسپانیا له‌ نێوان بارسێلۆنا و ریال مه‌درید له‌ سانتیاگۆ بێرنابێۆ ئه‌نجام ده‌درێت، یاریزانه‌ ئیسپانیه‌كان له‌ هه‌ردوو یانه‌ له‌ گۆڵكردن به‌رۆژوون.

یارییەکە دوای ئەوە دێت کە هەردوو یانه‌ لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دوو ڕووبەڕووبوونەوەی سەختیان ئەنجامدا، کە لە ئەنجامدا ڕیاڵ مەدرید سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بارسێلۆناش ماڵئاوایی كرد، شاهانه‌ بە کۆکردنەوەی 78 خاڵ لە پێشه‌نگی ریزبەنده‌ ، تیپه‌ كاتالۆنیه‌كه‌ش بە 8 خاڵ له‌ پلەی دووەمه‌.

ریال مەدرید هەوڵدەدات جیاوازییەکە لەگەڵ رکابەرەکەی زیاتر بکات، بۆ ئەوەی لە نازناوەکە نزیکتر ببێتەوە، له‌ به‌رامبه‌ردا بارسێلۆنا ده‌یه‌وێت  سه‌ركه‌وتن تۆماربكات و هیوای بۆ ركابه‌ریكردن له‌سه‌ر نازناوه‌كه‌ نوێ بكاته‌وه‌.

هەر تیپێک پشت بە کۆمەڵێک یاریزانی گۆڵکاری دیاری تیپه‌كه‌ی دەبەستێت، جا چ لە هێڵی هێرشبردن یاخود لە هێڵی ناوەڕاست بێت، کە توانای یەکلاکەرەوەی ئه‌نجامی یارییه‌كه‌یان هەیە.

یانەی ڕیال مەدرید یاریزانە یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ دیارەکانی له‌ هێلی پێشه‌وه‌، رۆدریگۆ و ڤینیسیۆس جونیۆری به‌رازیلین‌، هەروەها جود بێلینگهامی ئینگلیزی و فیدی ڤالڤێردی ئۆرۆگوایی و ئیبراهیم دیازی مەغریبی له‌ هێلی ناوه‌راست چه‌كی یانه‌ مه‌دریدییه‌كه‌ن.

هه‌رچی بارسێلۆنایه‌ له‌ هێلی پێشه‌وه‌ پشت به‌  رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی و رافینیای بەڕازیلی و هەروەها جواو فیلیکسی پورتوگالی و لامین یامال و فێران تۆرێس ده‌به‌ستێت.

سەرەڕای زۆربوونی بژاردەكانی  گۆڵکردن لە هەردوو یانە، زیاتر لە ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر دوا گۆڵی یاریزانێکی ئیسپانی لە کلاسیکۆ، کە سێرجی رۆبێرتۆ یاریزانی بارسلۆنه‌، لە 19ی مارس/ ئاداری 2023 تۆماریکرد، پێش ئەوەی پەنجەمۆری ئیسپانیه‌كان لە کلاسیکۆدا نەمێنن، دوای دوورکەوتنەوە بۆ ماوەیەکی زۆر هەوڵی وەرگرتنەوەی شکۆمەندی خۆیان لە کلاسیکۆ ده‌ده‌ن.

له‌ دوای گۆله‌كه‌ی رۆبێرتۆ كه‌ بارسا بە ئەنجامی (2-1) لە لالیگا بردییەوە، دواتر سێ یارییان لە سێ پاڵەوانێتیی جیاوازدا ئەنجامداوه‌، لەو ماوەیەدا یاریزانانی وڵاتەکەیان هیچ گۆڵێكیان نه‌كردووه‌.

پێشبینی دەکرێت یاریزانانی بارسێلۆنا لە کلاسیکۆ نزیكتربن له‌ شكاندنی رۆژووه‌كه‌یان له‌ گۆڵكردن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تیپەکە یاریزانی گرنگی لە هێڵی هێرشبەری، وەک یامال و تۆرێسی هه‌یه‌، هەروەها له‌ هێلی ناوه‌راستیش، پشت به‌ پێدری ده‌به‌ستێت.

له‌ ریال مه‌درید ئه‌ركه‌كه‌ قورستره‌ ، بەتایبەتی کە خۆسێلۆ تاکە یاریزانه‌ لە هێڵی هێرشبه‌ری ریاله‌، کارلۆ ئەنچیلۆتیش بە پلەی یەکەم پشتی پێنابەستێت.

لە هێڵی دواوەی مێرێنگێ یاریزانی ئیسپانی زۆرن، ناچۆ فێرناندێز، دانی کارڤاخال و لوکاس ڤاسکێز،فران گارسیان، ئەمە جگە لە پەراوێزخستنی دانی سیبالۆسی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئیسپانی، كه‌ به‌م دواییه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌سه‌ر کورسی یەدەگه‌.

ئیسپانیه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ كلاسیكۆ كۆتایی به‌م تۆماره‌ خراپه‌ بهێنن و گۆڵ تۆماربكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ بۆ  یاریزانانی هه‌ردوو یانه‌ ئه‌ركه‌كه‌ قورسه‌.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button