عێراقگرنگترین

راهێنەری هەولێر: پێش یارییەکەمان بەرامبەر قاسم دەمانزانی دەدۆڕێین

یاریگا –

دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر قاسم لە گەڕی بیست و یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، راهێنەری هەولێر گوتی ‘دۆڕانەکەمان لە ئەستۆی ئێمەدایە، بەڵام میدیاکان نازانن یانەکەمان بە چ دۆخێک تێدەپەڕێت’، ئەمجەد رازیش گوتی ‘ئێمەی یاریزانانیش بەرپرسیارین’.

حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری یانەی هەولێر دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر قاسم کە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕان، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە گوتی :’ئێمە وەکو دەستەی راهێنەران بەرپرسیارەتی دۆڕانەکە لە ئەستۆ دەگرین، بەڵام پێش یارییەکەمان ئێمە نیشانەکانی دۆڕانمان دەبینی، ئێمە لە خولی ئەستێرەکان و جامی عێراق یاریی دەکەین، کەچی پێش ئەم یارییە حەفت یاریزانمان لە خولی کوردستان یارییان کرد، تەنیا بە 10 یاریزان راهێنانەکانمان کرد’.

هەروەها گوتیشی :’ئێمە بیانوو بۆ ئەنجامە خراپەکانمان ناهێنینەوە، بەڵام یانەکەمان بە قەیرانی دارایی تێدەپەڕێت و بەهۆی گەشتەکانمان شەکەت و ماندووین، لە دووری هاندەرانمان یارییەکەمان ئەنجام دا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش یانەکەمان ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و چەند دەرفەتێکمان فەوتاند’.

ئەمجەد رازی هێرشبەری یانەی هەولێر، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانییەکە گوتی :’وەکو راهێنەری یانەکەمان گوتی ئێمە لە بەرپرسیارەتی راناکەین، ئێمەی یاریزانان بەرپرسیارەتی دۆڕانەکە لە ئەستۆ دەگرین، ئێمە خراپترین ئاستمان پێشکەش کرد، بەڵام ئێمە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕین و چەندان بەربەستمان لەپێشە، بەو هیوایەی بتوانین ئەم دۆخە تێبپەڕێنین’.

هەولێر لە دوایین پێنج یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق هیچ بردنەوەیەکی بەدەست نەهێناوە، بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ لە پلەی پازدەمی ریزبەندی دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button