عێراقکوردستان

دوو نوێنەرەکەی کورد لە خولی نایابی عێڕاق ئەرکیان ئاسان نیە

ئەمڕۆ هەینی 5\4\2024 گەڕی پازدەم لە خولی نایابی عێڕاق بە ئەنجامدانی پێنج یاری لە کۆمەڵەی یەکەم دەستپێدەکات.

یانەی گەڕمە بە دەستەیەکی هونەری کوردیەوە بە ڕاهێنەرایەتی عەلی وەحدەدین و سێ یاریزانی کوردەوە دەبنە میوانی یانەی یانەی سامەڕا، وێڕای شکستی هەفتەی ڕابردوویان بەرامبەر یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یانەی گەڕمە 21 خاڵی هەیە لە ڕیزبەندی چوارەمە و سامەڕاش بە 10 لە ڕیزبەدی دەیەم دێت، یانەی ناسڕیەش کە بە یاریەک کەمتر لە پلەی دووەمە بە 24 خاڵ لە یاریگای خۆی ڕووبەڕی یانەی شەرگات دەبێتەوە کە تەنها 8 خاڵی هەیە و لە ڕیزبەندی کۆتایی کۆمەڵەی یەکەم دێت.

لە یاری لوتکەی ئەم هەفتەیەدا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی مەسافی باشوور دەکات، پێشمەرگە ئێستا لە سەووی ڕیزبەندی یانەکانی کۆمەڵەکەی خۆی دێت کە لە 13 یاریدا 25 خاڵی هەیه و یانەی مەسافی باشووریش 21 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەم دێت، یاری چوونیش لە شاری بەسڕا لە بەرژەوەندی یانەی مەسافی باشوور کوتایی هاتبوو.

لە گڕوپی دووەمی خولی نایابی عێڕاق، سبەی شەممە 6\4\2024 لە شاری کەرکوک یاری لوتکەی ئەم کۆمەڵەیە بەڕێوە دەچێت، یانەی گازی باکوور بە ڕاهێنەرایەتی مستەفا کەریم لە دووەم یاری خۆیدا لە ژێر سەرپەرشتی ئەم ڕاهێنەرە ڕووبەڕووی یانەی دیالەی خاوەن پلەی یەکەم دەبێتەوە، دیالە بە ئەنجامدانی 13 یاری 27 خاڵی هەیە و یانەی گازی باکوریش بە 12 یاری 19 خاڵی کۆکردۆتەوە و لە ڕیزبەندی چوارەمی کۆمەڵەی دووەم دێت.

لە هەر کۆمەڵەیەک چوار یانە سەردەکەوێت بۆ قۆناغی کۆتایی خولی نایابی عێڕاق و لەوێش دابەش دەبن بە سەر دوو کۆمەڵە و پاڵەوانی کۆمەڵەکان ڕاستەوخۆ سەردەکەون بۆ ڕیزی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە وەرزی داهاتوو، خاوەن پلەی دووەمەکانیش بەرامبەر یەکتر یاری دەکەن و براوەیان بەرامبەر یانەی ڕیزبەندی هەژدەمی خولی ئەسێرەکانی عێڕاق یاری دەکات و یەکێکیان لە ڕیزی ئەسێرەکانی عێڕاق دەبێت بۆ وەرزی 2024 _ 2025.

Back to top button