ئینگلتەرا

محەمەد سەڵاح لەدەرەوەی تۆپی پێ ساڵانە چەند پارە قازانج دەکات؟

یاریگا –

بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراو ئاشکرای دەکات کە محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری لیڤەرپوول، لە دەرەوەی یاریگادا چەند داهاتی هەیە.

محەممەد سەڵاح، خاوەن زۆرترین مووچەیە لە لیڤەرپوول و هەفتانە 400 هەزار پاوەند وەردەگرێت. جگە لە مووچەکەی، لە ریکلام و گرێبەستی سپۆنسەری بازرگانی داهاتی هەیە.

بەڵام داهاتی محەمەد سەڵاح لە دەرەوەی یاریگادا چەندە؟

بەپێی دوایین بەڵگەنامەی دارایی لە بەرواری 30ی حوزەیرانی 2023، رۆژنامەی میرەری ئینگلیزی داهاتی محەمەد سەڵاحی ئاشکرا کردووە.

محەمەد سەڵاح لە کاتی بەشداری کردنی لە رێکلامی بازرگانیدا

رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، کۆمپانیاکەی سەڵاح بەناوی “Salah UK Commercial” قازانجی 5 ملیۆن و 400 هەزار پاوەندی بەدەستهێناوە، دوای لێبڕینی باج لە مامەڵە بازرگانییە جیاوازەکان.

رۆژنامەکە هەروەها رایگەیاندووە کە سەڵاح لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا 27 ملیۆن پاوندی لە گرێبەستە بازرگانییەکان بەدەستهێناوە و هەروەها لە ساڵی رابردوودا 11 ملیۆن پاوەندی لە گرێبەستە تاکە کەسییەکان بەدەستهێناوە. ئەم بڕە پارەیە لە لایەن رێکەوتنەکانی لەگەڵ کۆمپانیای پێپسی، ڤۆدافۆن، ئەدیداس، ئۆبەر بەدەست هاتووە.

پێویستە بگوترێ محمد سەڵاح تا هاوینی ساڵی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵ لیڤەرپوول هەیە، بەڵام هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم یاریزانە تەمەن 31 ساڵە لە دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی پەیوەندی بە خولی سعودییەوە دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button