ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەموو شتێک لەبارەی یاریی لوتکەی مانچێستەر سیتی و ئارسێناڵ بزانە

یاریگا –

ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 06:30 لە گەڕی سییەمینی پرێمەرلیگ، مانچێستەر سیتی سێیەمی ریزبەندی لە یاریگای ئیتیحاد میوانداریی ئارسێناڵی پێشەنگی خولەکە دەکات، پیپ گواردیۆلا رووبەڕووی مایکڵ ئارتێتای قوتابی دەبێتەوە، ئەو یارییە کاریگەرییەکی زۆری بەسەر رێڕەوی کێبڕکێی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە دەبێت.

ئارسێناڵ گرێکوێرەی یاریگای ئیتیحاد دەکاتەوە؟

ئارسێناڵ لەوەتەی ساڵی 2015 نەیتوانیوە لەناو یاریگای ئیتیحاد لە مانچێستەر سیتی بباتەوە، دوای ئەوەی لەم وەرزە گەنەرز لە قەلخانی خێرخوازیی و قۆناخی یەکەمی پرێمەرلیگ لە مانچێستەر سیتی بردەوە، دەیەوێت لەوەتەی وەرزی 2007/2008 بۆیەکەمجار یاریی چوون و گەڕانەوە لە مان سیتی بباتەوە.

لە قۆناخی یەکەمی ئەم وەرزە، ئارسێناڵ بە گۆڵێکی گابریێل مارتینێلی لە مانچێستەر سیتی بردەوە، کە گومان دەکرێت ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە بەهۆی پێکانەوە بتوانێت ئەمڕۆ بەردەست دەبێت.

گواردیۆلا و ئارتێتا لەکۆی هەشت رووبەڕووبوونەوەی نێوانیاندا، راهێنەرە ئیسپانییەکە حەفت بردنەوەی بەدەستهێناوە و ئارتێتاش تەنیا یەک بردنەوەی بەرامبەر مامۆستاکەی بەدەستهێناوە کە لە دوایین رووبەڕووبوونەوەیاندا بوو.

ئارسێناڵ دوای 20 ساڵ بە نازناوی پرێمەرلیگ شاد دەبێتەوە؟

ئارسن ڤینگەر راهێنەری پێشووی ئارسێناڵ لەبارەی پێشبینیکردنی بۆ ئەنجامی یارییەکەی مانچێستەر سیتی و ئارسێناڵ دەڵێت :’ئەم یارییە تا راددەیەک یەکلاکەرەوەیە، بۆیە پێویستە ئارسێناڵ لەم یارییە بباتەوە، هەرچەندە مان سیتی هەمیشە لە یاریگای خۆی بەهێز و مەترسیدارە، بەڵام بۆ نا؟ یاریزانانی ئارسێناڵ وانەیان لە وەرزی رابردوو وەرگرتووە و ئەم وەرزە نازناوی پرێمەرلیگ بەرز دەکەنەوە’.

ئارسێناڵ لەوەتەی وەرزی 2003/2004 نازناوی پرێمەرلیگی بەدەست نەهێناوە، لەکاتێکدا گەنەرز خاوەنی 13 نازناوە لە مێژووی خولەکەدا، پیپ گواردیۆلا بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتی لەبارەی پاڵەوانبوونی ئارسێناڵ دەڵێت :’یاریزانان و هاندەرانی ئارسێناڵ تامەزرۆن بۆ ئەوەی نازناوی پرێمەرلیگ بەرز بکەنەوە، وەکچۆن مان سیتیش کاتێک ساڵی 2012 بە نازناوی خولەکە شادبوونەوە، لیڤەرپوولیش بەهەمان شێوە ساڵی 2019 dوای دابڕانێکی زۆر بە نازناوەکە شادبوونەوە’.

ئەو یاریزانانەی بەهۆی پێکانەوە گومان دەکرێت بۆ یارییەکە ئامادەبن

هەریەکە لە جۆن ستۆنز و کایل وۆکەر بەهۆی پێکانەوە بۆ یارییەکە ئامادە نابن، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە یارییە نێودەوڵەتییەکان تووشی پێکان بوون، گەرچی کێڤن دێ برۆین بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی پەیوەندی بە هەڵبژاردەی بەلجیکاوە بکات، بەڵام ئەو ناوەڕاستکارە بەلجیکییە بۆ یارییەکە ئامادەیە، گواردیۆلاش پێشتر ئامادەبوونی ئێدەرسن و ئاکانجی بۆ یارییەکە راگەیاندووە، کە ئەو یاریزانەش پێکانیان هەبوو.

هێشتا بەشداریکردنی گابریێل مارتینێلی و بوکایۆ ساکا لە یارییەکە مسۆگەر نییە، ساکا بەهۆی پێکانەوە کەمپی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرای بەجێهێشت و بەشداریی یارییەکەی نەکرد، رێژەی بەشداریکردنی ساکا لە یارییەکە لە مارتینێلی زۆرترە، گابریێل ماگالایسیش بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت.

دوو تاقیکردنەوەی قورس چارەنووسی کوڕانی گواردیۆلا یەکلا دەکەنەوە

جگە لەوەی مانچێستەر سیتی ئەمڕۆ لە پرێمەرلیگ یارییەکی چارەنووسساز بەرامبەر ئارسێناڵ پێشەنگی خولەکە ئەنجام دەدات، نۆ رۆژی دیکە لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە، یارییەکەی ئارسێناڵ و ریال مەدرید بۆ سیتیزنس یەکلاکەرەوە دەبن بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکانی وەرزی رابردوویان، کە وەرزی رابردوو مان سیتی نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ و جامی یەکێتی ئینگلتەرای بەدەستهێنا.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button