ئیسپانیاچامپیۆنزلیگگرنگترین

پاو کوبارسی کێیە؟ ئەو کوڕە 17 ساڵانەی لە شەوێکی مێژووییدا ناپۆلی و ئۆسیمێنی هاککرد

یاریگا –

پاو کوبارسی لە یاریی بارسێلۆنا و ناپۆلی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ بە ئاستە بەرزەکەی هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد، گەرچی ئەو بەرگریکارە 17 ساڵانە یەکەم یاریی خۆی بوو لە چامپیۆنزلیگ ئەنجامی بدات، کەچی بەهۆی ئاستە بەرزەکەی بە پیاوی یارییەکە دەستنیشانکرا.

ئامارەکانی کوبارسی لە یاریی بەرامبەر ناپۆلی
ئامارەکانی کوبارسی لە یاریی بەرامبەر ناپۆلی

پاو کوبارسی کێیە؟

پاو کوبارسی پارێدێس رۆژی 22ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 2007 لە شارۆچکەی بێسکانۆ لە هەرێمی کەتەلۆنیا لەدایکبووە، لە ریزی یانەی جیرۆنا دەستی بە یاریی کردووە، پێش ئەوەی بچێتە بارسێلۆنا لە ساڵانی 2014 تا 2018 لە ریزی یانەی جیرۆنا یاریی کردووە، ساڵی رابردوو بۆیەکەمجار لەلایەن چاڤی هێرناندێزەوە بانگهێشتکرا بۆ ئەوەی لەگەڵ تیپی یەکەم مەشق و راهێنان بکات، ئەمساڵیش رۆژی 19ـی یەنایەر/ کانوونی دووەم بۆیەکەمجار لەلایەن چاڤی هێرناندێزەوە دەرفەتی یاریکردنی پێدرا و لە یاریی بەرامبەر سالامانکا لە جامی شای ئیسپانیا یەکەم یاریی بە درێسی بلاوگرانا کرد.

رۆژی 17ـی فێبرایەر/شوباتی رابردوو، کوبارسی یەکەم یاریی وەکو یاریزانی سەرەکی بە درێسی بارسا کرد، لە یاریی بەرامبەر ریال بێتیس لە لالیگا لە پێکهاتەی سەرەکی چاڤیدابوو.

کوبارسی هاوینی رابردوو یەکەم گریبەستی لە کاروانی وەرزشی خۆی واژۆ کرد و تاوەکو هاوینی 2026 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە و نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی تەنیا 10 ملیۆن یۆرۆیە.

Iturralde: “Hay pisotón de Cubarsí a Osimhen, pero es interpretativo” - AS.com

لە یاریی بەرامبەر ناپۆلی چیکرد؟

کوبارسی لەم وەرزەی لالیگا لە نۆ یاریی بەشداریی کردووە و 734 خولەک یاریی کردووە، بەڵام لە یارییەکەی ناپۆلی یەکەمجار بوو لە چامپیۆنزلیگ بەشداریی بکات، کەچی لە 90 خولەکی سەرەتای یاریکردنی لە چامپیۆنزلیگ هەمووانی شۆک کرد، بەرگریکارە کەتەلۆنییەکە ڤیکتۆر ئۆسیمێنی هاککردبوو، هەربۆیە خەڵاتی پیاوی یارییەکەی بەدەستهێنا.

کوبارسی لە یارییەکەی ناپۆلی نەیهێشت ڤیکتۆر ئۆسێمین هێرشبەری نەیجیری رۆڵی خۆی بگێڕێت، بەرگریکارە لاوەکەی بارسا لە سەرجەم رکابەرە دووانەییەکانیان بەسەر ئۆسێمیندا سەرکەوت.

لە دوایین چورا ساڵدا هیچ بەرگریکارێک نەیتوانیوە هاوشێوەی کوبارسی لە یارییەکی چامپیۆنزلیگ لە سەرجەم رکابەرە دووانەییەکانی سەرکەوتوو بێت و 9 پاسی درێژی سەرکەوتووی هەبێت.

Image

دوای یارییەکەی ناپۆلی چۆن وەسفی کوبارسییان کرد؟

چاڤی هێرناندێز: کوبارسی یاریزانێکی ژیرە، دەزانێت لە چ کاتێک بەرگری دەکات و چۆن هەوڵی وەرگرتنەوەی تۆپ دەدات.

سێرجی رۆبێرتۆ: کوبارسی پیاوی یارییەکە بوو هەموومانی تووشی سەرسوڕمان کردبوو، بەهیچ شێوەیەک لەناو یاریگا نەدەوەستا، یاریزانێک بتوانێت لە چامپیۆنزلیگ بەم ئاستە دەربکەوێت، پێویستە تاهەتایە گرێبەستەکەی درێژ بکرێتەوە.

ئاندرێ تێر شتیگن: ئەوەی کوبارسی لە یارییەکە کردی بێ وێنە بوو، دڵنیام دەتوانێت لە داهاتوو زۆر باشتریش بێت.

رۆناڵد ئاراوخۆ: کوبارسی سەرسوڕهێنەرە و داهاتووی یانەکەمانە، هیوادارم بتوانین ساڵانێکی زۆر لە بارسێلۆنا بەیەکەوە یاریی بکەین، هەردووکمان تەواوکەری یەکترین.

پاو کۆبارسی: ئەمڕۆ خۆشترین رۆژی ژیانم بوو، من پێشتر هەمیشە چاودێری کارلێس پویۆل و جیرارد پیکێم دەکرد و لێیانەوە فێر دەبووم چۆن بە ئارامی هەوڵی وەرگرتنی تۆپ بدەم، من زۆر دڵخۆشم و هیوادارم هەر ئەوەندە نەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button