راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

هەموو شتێک لەبارەی کلاسیکۆی کوردستان؛ سبەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق میوانداریی دهۆک دەکات

یاریگا –

سبەی لە گەڕی نۆزدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەولێر لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری میوانداریی دهۆک دەکات، دوو جەمسەرەکەی تۆپی پێی کوردستان لە یاریی کلاسیکۆ بەیەک دەگەن.

سبەی هەینی کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە هەولێر میوانداریی دهۆک دەکات، کە راستی میهرەبانی کۆمێنتاری تایبەتی تۆڕی وەرزشی یاریگا راستەوخۆ یارییەکە دەگوازێتەوە.

محەمەد قاسم و سیابەند عەگید بەشداریی یاریی کلاسیکۆ ناکەن

محەمەد قاسم کە بەهۆی پێکانەوە لە یاریی رابردووی هەولێر بەرامبەر حدوود یاریی نەکرد، بەشداریی راهێنانەکانی ئەمڕۆی نەکرد و سبەی ناتوانێت بۆ یاریی کلاسیکۆ ئامادە بێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا یاسین سامیە هێرشبەری سووری بەشداریی یارییەکە دەکات و شوێنی محەمەد قاسم دەگرێتەوە.

ئاداما بالۆ بەرگریکاری مالی لە راهێنانەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممە تووشی پێکان بوو، ئەگەر هەیە ئەو بەرگریکارەش سبەی بەرامبەر دهۆک یاریی نەکات و عومەر جەنگی شوێنی بگرێتەوە.

لە دهۆک، عیماد لواتی هێرشبەری توونسی کە بەهۆی پێکانەوە لە یانەکەی دابڕابوو، گەڕاوەتەوە راهێنانەکانی یانەکەی و بۆ یاریی سبەی ئامادە دەبێت، بەڵام سیابەند عەگید بەشداریی راهێنانەکانی ئەمڕۆی نەکرد و سبەی بەردەست نابێت.

ژمارەیەکی کەمی هاندەرانی دهۆک لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری ئامادە دەبن

یانەی دهۆک هیچ ئامادەکارییەکی نەکردووە بۆ ئەوەی پاسی تایبەت بۆ گواستنەوەی هاندەرانی بۆ هەولێر تەرخان بکات، بەڵام پێشبینی دەکرێت نزیکەی 500 هاندەری دهۆک بۆ یاریی کلاسیکۆ گەشتی هەولێر بکەن بۆ ئەوەی لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری هانی یانەکەیان بدەن.

عەبدوڵا جەلال سەرۆکی یانەی دهۆک بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’ئێمە هیچ پاسێک بۆ ئامادەبوونی هاندەرانمان لە یاریی سبەی ناگرین و دەستەی هاندەرانمان ئامادەکاریی بۆ یارییەکە ناکەن، بەڵام بەشێک لە هاندەرانمان بەنیازن خۆیان گەشت بکەن و لە یاریی کلاسیکۆ ئامادەبن’.

ئامارەکانی مێژووی کلاسیکۆ

لە مێژووی کلاسیکۆدا هەولێر و دهۆک 43 یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، هەولێر 16 بردنەوەی بەدەستهێناوە و دهۆکیش 14 یاریی کلاسیکۆی بردووەتەوە، یانەکەی قەڵاومنارە لە یارییەکانی کلاسیکۆ 50 گۆڵیان کردووە و هەڵۆیەکانی چیاش 43 گۆڵیان بەرامبەر هەولێر کردووە.

وەرزی رابردوو هەولێر لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری بە ئامادەبوونی نزیکەی 25 هەزار هاندەر بە گۆڵێکی مەحموود خەلیل یاریی کلاسیکۆی لە دهۆک بردەوە، یانەکەی پایتەخت لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیاندا سێ بردنەوەی بەرامبەر دهۆک بەدەستهێناوە.

دوو راهێنەرە نوێیەکەی کلاسیکۆی کوردستان

حەیدەر عەبدولئەمیر 50 رۆژە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێری گرتووەتە ئەستۆ، لە پێنج یاری دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوونی بەدەستهێناوە و لە یارییەکیش دۆڕاون، راهێنەرە نوێیەکەی هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەشت خاڵی بۆ یانەکەی پایتەخت بەدەستهێناوە، 11 گۆڵیان کردووە و 7 گۆڵیشیان لێکراوە.

ئەحمەد خەلەف راهێنەری نوێی دهۆک 77 رۆژە شوێنی سلێمان رەمەزانی گرتووەتەوە، لە هەشت یاری پێنج بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە دوو یاریش تووشی شکست بوون، راهێنەرە نوێیەکەی دهۆک 16 خاڵی بۆ یانەکەی بەدەستهێناوە، 10 گۆڵیان کردووە و 6 گۆڵیشیان لێکراوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button