ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

بۆچی سەرۆکی فەرەنسا و میری قەتەر ئێمباپێیان بانگهێشتی کۆشکی ئێلیزیێ کردبوو؟

یاریگا –

ئێمباپێ بە ئامادەبوونی میری قەتەر و سەرۆکی فەرەنسا بانگهێشتی کۆشکی ئێلیزێ کرابوو، جارێکی دیکە هاندەرانی ریال مەدرید ترسیان هەیە بەربەست لە بەردەم چوونی کیلیان بۆ یانەکەیان دروست بێت.

لەوەتەی ڤیدیۆی کیلیان ئێمباپێ لەکاتی گەیشتنی بۆ کۆشکی ئێلیزێ بڵاوبووەتەوە، هەموو میدیاکانی فەرەنسا و ئیسپانیا بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەڕێن، ئێمباپێ لە کۆشکی ئێلیزیێ چی دەکرد؟

میدیاکانی ئیسپانیا: دوودڵ مەبن، ئێمباپێ بۆ ماڵئاوایی کردن لەوێ بوو!

لەنێو هاندەرانی ریال مەدرید مەترسی هەیە جارێکی دیکە تەمیم بن حەمەد میری قەتەڕ و ئیمانوێل ماکڕۆن سەرۆکی فەرەنسا بتوانن کیلیان ئێمباپێ رازی بکەن لە پاریس سانجێرمان بمێنێتەوە، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە (28ـی فێبرایەر/شوباتی 2024) ئێمباپێ لە ئێوارە خوانێکی کۆشکی ئێلیزیێ ئامادە بوو، ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانیش لەو ئێوارە خوانە ئامادەبوو.

بەرنامەی ئێلچێرێنجیتۆی ئیسپانی وێنەیەکی ئێوارە خوانەکەی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا دەردەکەوێت ئێمباپێ لە دووری خلێفی دانیشتووە و میدیا ئیسپانییەکان پێیانوایە ئەو ئێوارەخوانە هیچ لە چارەنووسی ئێمباپێ ناگۆڕێت، هەرچۆنێک بێت هاوینی داهاتوو کیلیان مەدریدییە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانیش سەرەڕای ئەو دڕدۆنگییەی لە نێو هاندەرانی ریال مەدرید بڵاوبووەتەوە، نووسیویەتی ‘چی لەوە جوانتر هەیە لە کۆشکی ئێلیزیێ ماڵئاوایی بکەیت؟ ئەو ئێوارە خوانە ماڵئاوایی ئێمباپێ بوو لە خلێفی و ماکرۆن و تەمیم’.

ماکرۆن و تەمیم جارێکی دیکە دەیانەوێت ئێمباپێ پاشگەز بکەنەوە

کەناڵی RMCـی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لەو ئێوارە خوانەدا لەوکاتەی لەگەڵ شێخ تەمیم قسەیان لەگەڵ ئێمباپێ کردووە، بە هێرشبەرە فەرەنسییەکەی گوتووە ‘تۆ جارێکی دیکە کیشەی زیاترمان بۆ دروست دەکەی’.

رادیۆدی کادێنا کۆپی ئیسپانی بە تەواوەتی ترسی خستووەتە نێو دڵی هاندەرانی ریال مەدرید و نووسیویەتی ‘ماکرۆن و تەمیم دەیانەوێت جارێکی دیکە ئێمباپێ لە ریال مەدرید بهێڵنەوە، وەکچۆن دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو هێرشبەرە فەرەنسییەیان پاشگەز کردەوە پاریس بەجێبهێڵێت، ئەمجارەش بۆ هەمان ئامانج چاویان بە ئێمباپێ کەوت’.

رادیۆیە ئیسپانییەکە نووسیویەتی ‘شێخ تەمیم بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی شەرێ نێوان ئیسرائیل و غەززە سەردانی فەرەنسای کردووە، ئەگەر بۆ پەشیمان کردنەوەی ئێمباپێ نەبێت، بۆچی بانگهێشتی ئەو یاریزانەیان کردبوو لەو ئێوارە خوانە بەشدار بێت؟’.

Por qué Kylian Mbappé cena con Emmanuel Macron, presidente de Francia, Nasser Al Khelaifi, dueño de Paris Saint-Germain y el Emir de Qatar? | Goal.com Argentina

ئێوارە خوانەکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتووی ئێمباپێ نەبووە

فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی لەبارەی ئەو ئێوارە خوانەی ئێمباپێ و خلێفی و تەمیم و ماکرۆنی کۆکردبووەوە نووسیویەتی ‘ئەو کۆبوونەوەیە هیچ پەیوەندی بە داهاتووی ئێمباپێ یان پشاگەزکردنەوەی لە رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمانەوە نەبوو، ئێمباپێ بۆ قسەکردن لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس بانگهێشتی ئەو ئێوارە خوانە نەکرابوو، بەڵکو کیلیان ئامادە نییە جگە لە ریال مەدرید لەم کاتەدا گفتوگۆ لەگەڵ هیچ یانەیەکی دیکە بکات’.

شێخ تەمیم بۆ ئێمباپێ: بەهیوای بەختێکی باشتر

رادیۆی مۆنتی کارلۆی فەرەنسی چەند زانیارییەکی لەبارەی ئەو ئێوارە خوانە بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، جگە لە ئێمباپێ هیچ یاریزانێکی دیکەی پاریس سانجێرمان بانگهێشتی ئەو ئێوارە خوانە نەکرابوو، کیلیان لەسەر مێزی تەمیم و ماکرۆن دانیشتبوو، پێشوازییەکی شاهانەی لێکرا، لەکاتێکدا خلێفی لە دووری مێزەکەی ئێمباپێ و سەرۆکەکان لەسەر مێزێکی دیکە دانیشتبوو.

بەگوێرەی رادیۆیەکەی فەرەنسا لەو ئێوارە خوانەدا، میری قەتەر هیوای بەختێکی باشتری بۆ ئێمباپێ خواستووە، وەکو هێمایەک بۆ وێستگەی داهاتووی یاریکردنی هێرشبەرە فەرەنسییەکە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button