عێراقگرنگترین

بەهۆی هەڵسوکەوتی هاندەرانیان یانەکانی هەولێر و دهۆک و نەورۆز سزدران و حەمە ئیتۆش سڕکرا

یاریگا –

بەهۆی هەڵسوکەتی هاندەرانیان لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەکانی هەولێر و دهۆک و نەورۆز سزادران و حەمە ئیتۆ هێرشبەری کوردی یانەی نەورۆزیش بۆ دوو یاریی سڕ کرا.

لێژنەی تەمبێکردن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری لەبارەی رووداوەکانی یارییەکانی ئەمدواییەی خولی ئەستێرەکانی عێراق راگەیاند، بڕیاریدا یانەی هەولێر بەهۆی فڕێدانی دەبە بۆ ناو یاریگا و بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان لەلایەن هاندەرانییەوە لە یاریی بەرامبەر نەورۆز بە 10 ملیۆن دینار سزا بدرێت، هەر لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەی دێربی کوردستان، محەمەد سامی ناسراو بە حەمە ئیتۆ هێرشبەری یانەی نەورۆز بەهۆی بەکارهێنانی هەڵسوکەتی ناشرین بەرامبەر هاندەرانی هەولێر بۆ دوو یاریی سڕ دەکرێت و بە پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناریش سزا دەدرێت.

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی هەڵسوکەتەکانیان بەرامبەر ناوبژیوانی یارییەکەی کەربەلا، لێژنەی تەمبێکردن یانەی دهۆکی سزادا، بەگوێرەی بڕیارەکە دەبێت یانەی دهۆک یاریی داهاتووی لە یاریگای خۆی لە دووری هاندەرانی و یاریگای خۆی ئەنجام بدات و یانەکەش بە پێبژاردنی 10 ملیۆن دینار سزادرا.

یانەی نەورۆزیش لەو سزایانەی لێژنەی تەمبێکردن دەریکردوون بێبەش نەبووە، یانەکەی سلێمانی بەهۆی هەڵسوکەوتی هاندەرانی لە یاریی بەرامبەر تەڵەبە و هێرشکردنە سەر ناوبژیوانی یارییەکە بە پێبژاردنی 10 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

یانەی نەورۆز لەبارەی سزایەکەی یاریی تەڵەبە بە تۆڕی وەرزشی یاریگایان راگەیاند، تانە لە بڕیارەکە دەدەن و لە لێژنەی تێهەڵچوونەوە داوای کەمکردنەوە یان لادانی سزایەکەیان دەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button