ئه‌وروپائیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

تێباس باس لە پەیوەندیكردنی كیلیان ئێمباپێ بە ریال مەدرید دەكات

یاریگا

خافیێر تێباس، سەرۆكی كۆمەڵەی لالیگا باس لە پەیوەندیكردنی كیلیان ئێمباپێی فەڕەنسی و ئەستێرەی یەكەمی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی بە ریزەكانی ریال مەدریدی ئیسپانی دەكات.

گرێبەستەكەی كیلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاویندا بەسەردەچێت.

لە ماوەی رابردوودا چەندین سەرچاوەی باوەڕپێكراوی جیهانی دووپاتیانكردەوە كە كیلیان ئێمباپێ بە ئیدارەی یانەكەی راگەیاندووە لە گواستنەوەكانی هاوینەدا لە یانەكەی دەڕوات و نایەوێت گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە و خواستی یەكەمی یاریزانەكەش یانە شاهانەكەیە.

تێباس لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی لیكیپی فەڕەنسی گوتی:

بڵاوبوونەوەی هەواڵی رۆیشتنی كیلیان ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان، وەك بۆمبێك وابوو لە ئیسپانیا.

بەردەوام بوو گوتیشی:

ئەگەری رێژەی %99 هەیە كە كیلیان ئێمباپێ لە گواستنەوەكانی هاوینەدا پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بكات، بێگومان ئەوەش هەواڵێكی نایاب دەبێت بۆ تۆپی پێی ئیسپانیا.

لە درێژەی قسەكانیدا گوتیشی:

ئەو یاریزانە یەكێكە لە باشترین یاریزانەكانی جیهان، بە بۆچوونی من بێڵینگهام، هالاند و ئێمباپێ سێ یاریزانی باشترینی هەسارەكەمانن و دووانیان لە ریال مەدریدن.

دەربارەی رەوشی دارایی ریال مەدرید دوای گرێبەستكردن لەگەل كیلیان ئێمباپێ، تێباس گوتی:

پلان و ستراتیژییەكانیان كورتخایەن نیە، پێوویست ناكات كەس بۆ كڕینی كیلیان ئێمباپێ بفرۆشن.

دەربارەی پەیوەندی نێوانی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، گوتی:

وەك سەرۆك و بەڕێوەبەری گشتی ریال مەدرید كەسێكی باشە، بەڵام زۆر خراپە كاتێك دەیەوێت پاڵەوانیەتیەكی نوێ درووست بكات، سێ ساڵە قسەم لەگەڵ نەكردووە، بەڵام دڵخۆشم كە گرێبەست لەگەڵ كیلیان ئێمباپێ واژۆ دەكات.

ریال مەدرید بە كۆكردنەوەی 62 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی لالیگای گرتووە و بە جیاوازی شەش خاڵ لە پێش جیڕۆنای دووەمەوە دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button