عێراقگرنگترین

کاساس باسی وێرانکارییەکان، شێوازی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و دەیان نهێنی دیکەی لە عێراق دەکات

گوتارێکی خێسوس کاساس لە پێگەی The Coach Voice

یاریگا –

بۆ عێراق؟ هەر بیری لێ مەکەوە

ئەمە یەکەم قسەی هاوژینەکەم بوو، کاتێک ئۆفەری یەکێتیی تۆپی پێی عێراقم پێگەیشت، نەک تەنیا هاوژینەکەم، بەڵکو کچەکەم و هاوڕێیەکانیشم، هەمان قسەیان کرد.

کاردانەوەی کەسە نزیکەکان لە ژێر کاریگەری رووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی بوو، پێیان وابوو عێراق زۆر مەترسیدارە، منیش لە قسەکانیان تێدەگەیشم. بەڵام حەزم کرد، خۆم شتەکان ببینم، هەربۆیە بەر لە واژۆکردنی گرێبەستەکەم، قسەم لەگەڵ باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق کرد، پرسیاری زۆرم لەسەر دۆخی وڵاتەکە ئاراستە کرد.

پێدرۆ مارتینێز مارتن، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، یەکێک بوو لەو کەسانەی بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق، هانیاندام، بە جۆرێک لە جۆرەکان رازیکردنم.

خێسوس کاساس
خێسوس کاساس لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022

پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق، دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ من، کاتێک تۆ یاریزانێکی پیشەگەر نەبوویت، ئەستەمە بە ئاسانی دەرگاکانت لێبکرێنەوە، تۆ وەک کەسێکی ‘کەم ئەندامیت’ لە بەرامبەر راهێنەرێک کە پێشتر، یاریزان بووبێت. من گلەیی لەمە ناکەم، چونکە دەبێ بەشێوەیەک لە شێوەکان هیواکەت بەدی بهێنیت.

وەک ئەندامێک لە ستافی راهێنەرایەتی لویس ئێنریکێ،  دەرگاکان زیاتر بەڕوومدا کرانەوە و دەرفەتەکانم زیاد بوون. چونکە بۆ چەندین ساڵ لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا کارم کرد. بەڵام من پێشتر لویسم دەناسی، کاتێک لە ساڵی 2010 راهێنەری تیمی بارسێلۆنا بی-B بوو.

کارکردنی من لەگەڵ لویس ئێنریکێ لە بارسێلۆنا B تەنیا ساڵێکی خایاند، دواتر لویس چووە رۆما، پاشان سێلتا ڤیگۆ. من بڕیارم دابوو لەگەڵ ئێنریکێ نەچم، هەرچەندە تەواوی یانەکان بەشی هەڵسەنگاندنی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەڵام هەر لە بارسێلۆنا مامەوە.

خێسوس کاساس
خێسوس کاساس و لویس ئێنریکێ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا

لە ساڵی 2014 کاتێک ئێنریکێ بووە راهێنەری بارسا، جارێکی دیکە بەیەکەوە کارمان کرد، سێ وەرزی سەرسووڕهێنەرمان بەڕێکرد. لە ساڵی یەکەمدا لالیگا، جامی شا و چامپیۆنزلیگمان بردەوە. کاتێک لە ساڵی 2018 بووە راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لەگەڵ ئێنریکێ بەردەوام بووم. کاتێک رۆبێرتۆ مۆرینیۆ، یاریدەدەری ئێنریکێ وازی لە پۆستەکەی هێنا، من بوومە یاریدەدەری لویس.

نازانم پەیوەندی نێوان یاریدەدەری راهێنەرانی دیکە لەگەڵ راهێنەری یەکەم چۆنە، بەڵام من بەردەوام خاوەن رای خۆم بووم لەگەڵ ئێنریکێ، شتەکە روونە کە خۆی بڕیاری کۆتایی دەدات، بەڵام بەردەوام دەرفەتی گفتوگۆمان هەبوو. هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یۆرۆ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و گەیشتینە قۆناخی پێشکۆتایی. بەر لە مۆندیالی 2022، لە مانگی فێبرایەر/شوباتی هەمان ساڵ، گەیشتمە ئەو بڕوایەی، کاتی جێهێشتنی ئەرکەکەمە.

بیرمە کاتێک بڕیاری جێهێشتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیامدا، هاوژینەکەم لێی پرسیم، ئایا هیچ کێشەیەک لەگەڵ لویس دروستبووە، بەڵام لەڕاستیدا هیچ کێشەیەکی دیاریکراو لە نێوانماندا نەبوو. چونکە رۆژێک گەیشتمە ئەو بڕوایەی، ئیتر دەبێ دوای رێچکەی خۆم بکەوم، لویس هەمان بڕوای منی هەبوو. تەنیا دەتوانم سوپاسی ئێنریکێ بکەم، چونکە زۆر یارمەتی داوم.

خێسوس کاساس
خێسوس کاساس لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق

عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، زۆر بە تۆپی پێی ئیسپانیا سەرسامە و خۆشی دەوێت، بۆیە ویستی راهێنەرێکی ئیسپانی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بگرێتە ئەستۆ. بۆ ئەم مەبەستە، عەدنان پەیوەندی بە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا کرد، ئەوانیش چەند ناوێکیان خستە بەردەستی عەدنان، ناوی منیش یەکێک بوو لە کاندیدەکان.

عەدنان بۆ یەکەمجار بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەکردم و دواتر لەسەر رێکارەکانی واژۆ کردنی گرێبەست رێککەوتین و چوومە بەغدا. هەموو شتێک زۆر بە خێرایی تێپەڕی. لە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەگەڵ عەدنان دەرجال کۆبوومەوە، دوای سێ رۆژ لە بەغدا گرێبەستەکەم واژۆ کرد. بۆیە کاتێکی زۆر کەمم لەبەردەستبوو، تاوەکو ستافی راهێنەرایەتی خۆم ئامادە بکەم.

ئەرکەکە ئاسان نەبوو، چونکە پێویستیم بە راهێنەری بە توانای پیشەگەر هەبوو، تاوەکو یارمەتیم بدەن، چونکە خۆگونجاندن لەگەڵ کەشوهەوای بەغدا ئاسان نییە. هەروەها رازیکردنی راهێنەران بۆ وەرگرتنی پۆستێک لە عێراقیش ئاسان نییە.

کاتێک یەکەمجار گەیشتمە بەغدا، وێنەیەکی زۆر سەیر لەلام دروستبوو، چونکە هێشتا شوێنپەنجەی شەڕ بەسەر شارەکەوە دیارە، وێرانییەکانی شەڕ بەڕوونی دیارن، هۆکارەکانی گواستنەوەی گەشتی نییە و هەموو شتێک خەریکە سەر لە نوێ چاکدەکرێت. عێراق وڵاتێکە لە پڕۆسەی گەشەکردندایە، بەڵام گەشەکردنێکی زۆر لەسەرخۆ، چونکە زۆر بە خێرایی لەنێودەبرێت، کاتێک دروست دەکرێتەوە، کاتێکی زۆری پێویست دەبێت.

خێسوس کاساس
خێسوس کاساس لەگەڵ عەدنان دەرجال – دەوحە، قەتەڕ

لە بەغدا ئۆتۆمبێلم نییە، هەر زۆر ئەستەمە ئۆتۆمبێل لێبخوڕیت، تەنیا شۆفێرێکم هەیە. کاتێک یەکەمجار چوومە بارەگای یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، وردە وردە ئاشنای بەغدا بووم، بەڵام ناتوانم ئۆتۆمبێل لێبخوڕم، نەک تەنیا لەبەر شێوازی شۆفێری شارەکە، بەڵکو بەهۆی جەنجاڵییەوە، چونکە بۆ بڕینی پێنج کیلۆمەتر، هەندێ جار زیاتر لە کاتژمێرێکت پێویستە. ئەگەر لە بەغدا لەدایک نەبووبیت، کارێکی شێتانەیە ئۆتۆمبێل لێبخوڕیت.

لە بەغدا هیچ یاسایەکی هاتووچۆ پەیڕەو ناکرێت، بەڵکو نییە. ترافیک ڵایتی لێنییە، تەنانەت هیچ دڵنیاییەک بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێلیش نییە. کاتێک رووداوێکی هاتووچۆ روودەدات، هەردوو شۆفێرەکە دەبێ لە نێوان خۆیاندا رێکبکەون، کێ پارەی چاککردنەوەکە دەدات، ئەگەر رێکنەکەوتن، ئینجا پۆلیس دەچێتە نێو کێشەکە.

خێسوس کاساس
خێسوس کاساس لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق

گەشتی یەکەمم بۆ بەغدا زۆری نەخایاند، چونکە هەڵبژاردەی عێراق لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی رابردوو، کەمپێکی مەشق و راهێنانی لە ئیسپانیا کردبووەوە، بۆیە گەڕاینەوە ئیسپانیا، چونکە دوو یاری دۆستانەمان لە بەرامبەر هەڵبژاردەکانی مەکسیک و ئێکوادۆر هەبوو. لە ئیسپانیا ئامادەکارییەکانی جامی کەنداو دەستیانپێکرد. کاتێکی زۆر کەمم لەبەردەستبوو، تاوەکو تیمێکی باش ئامادە بکەم.

کاتێک ئامادەکارییەکانمان دەستپێکرد، درکم بە هەندێ شتی نامۆ کرد، چونکە کولتووری وەرزشی زۆر لە نێو یاریزاناندا روون نەبوو، مەبەستم لەڕووی خواردن، هۆڵی وەرزشی و ناشارەزایی لە وەرگرتنی پشوودا. بەڵام هەواڵەکە خۆشەکە ئەوەبوو، یاریزانی زۆر بەهرەمەندمان هەبوو.

لەگەڵ گەیشتنم بە عێراق، رووبەڕووی کێشەیەکی دیکەی ئاڵۆز بوومەوە، ئەویش گفتوگۆکردن بوو لەگەڵ یاریزانانی تاراوگە، چونکە زۆر یاریزانی عێراقی هەن، لە دەرەوە یاری دەکەن، بەڵام بە هۆی دۆخی جیاوازەوە، عێراقیان جێهێشتووە، بۆیە ناچار بووم، یاریزانەکان دەستنیشان بکەم و بچم یەک یەک لەگەڵیان کۆببمەوە.

پلانێکی درێژ خایەنم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق هەیە و ئامانجی سەرەکی ئێستام، گەیشتنە بە مۆندیالی 2026، جیا لەمەش، لە عێراق هەموو شتێکیان پێشکەش کردووم.

ئێستا زۆر دڵخۆشم چونکە دەمەوێت وڵاتێک لەڕێگەی تۆپی پێی دروستبکەمەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button