ئه‌وروپاگرنگترین

جگە لە ئیسپانیا ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا دژایەتی سوپەرلیگ دەکەن

یاریگا –

جگە لە ئیسپانیا سەرجەم ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا دژایەتی سوپەرلیگ دەکەن و دەیانەوێت ئەو پڕۆژەیە بە یاسایی لەناو ببەن.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، سەرجەم وەزیرانی وەرزشی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دژایەتی پڕۆژەی سوپەرلیگ دەکەن و رەزامەندن لەسەر ئەوەی کار لەسەر ئەم پڕۆژە بڕیارە بکەن، کە حکومەتی فەرەنسا ئەم پڕۆژەیەی جوڵاندووە و دەیەوێت بەم پڕۆژەیە لە رێگای یەکێتیی ئەوروپا پڕۆژەی سوپەرلیگ لەبار ببات.

لەنێو یەکێتیی ئەوروپا تەنیا ئیسپانیا بۆ دژایەتیکردنی سوپەرلیگ ئامادە نییە، لەکاتێکدا یانەکانی بارسێلۆنا و ریال مەدرید خۆیان بە خاوەنی پڕۆژەی سوپەرلیگ دەزانن و ئەم دوو یانەیە لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا پێداگیری لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی سوپەرلیگ دەکەن.

وەزیری وەرزشی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای پارێزگاریکردنێکی شایستە لە پاڵەوانێتییەکانی ئێستای ئەوروپا دەکەن.

کۆتاییەکانی مانگی دیسەمبەری ساڵی رابردوو، دادگای دادی ئەوروپا پڕۆژەی سوپەرلیگی پەسەند کرد و یوێفا و فیفای بەوە تۆمەتبار کرد هەوڵی قۆرخکاریی پاڵەوانێتی و چالاکییە وەرزشییەکان دەدەن.

سوپەرلیگ چییە و خەلسەتەکانی چین؟

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی میدیاکانی ئەوروپا، پاڵەوانی سوپەرلیگ 400 ملیۆن یۆرۆ بەدەست دەهێنێت و سەرجەم یارییەکانی خولەکەش لە پلاتفۆرمی Unify بەخۆڕایی پەخش دەکرێن، یارییەکانی خولەکە هاوشێوەی چامپیۆنزلیگ لە ناوەڕاستی هەفتە دەکرێن.

هەر یانەیەکی بەشداربوو لە سوپەرلیگ لە هەر وەرزیکدا 14 یاریی ئەنجام دەدات، حەفت یاری لە یاریگای خۆی و حەفت یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەکات.

خولی ئەستێرە: لە 16 یانە پێک دێت و یانەکان دابەشی سەر دوو کۆمەڵە دەکرێن، دوو یانەی کۆتایی دادەبەزنە خولی زێڕ.

خولی زێڕ: لە 16 یانە پێک دێت و یانەکان دابەشی سەر دوو کۆمەڵە دەکرێن، پلەی یەکەم و دووەم بۆ خولی ئەستێرەکان سەردەکەون و دوو پلەکەی خوارەوەش دادەبەزنە خولی شین.

خولی شین: لە 32 یانە پێک دێت و یانەکان دابەشی سەر چوار کۆمەڵەی جیاواز دەکرێن، 20 یانە لە کۆی 32 یانە لە سوپەرلیگ دووردەخرێنەوە بە پشتبەستن بە ئەنجامی یانەکان لە خولەکانی ناوخۆییدا، بۆ وەرزی دواتر 20 یانەی دیکە دەگەنە خولی شینی سوپەرلیگ.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button