ئینگلتەرا

مۆرینهۆ پاڵێوراوە بۆ پێنجەم جار بگەڕێتەوە پریمەرلیگ

خۆزێ مۆرینهۆ یەکێکە لە پاڵێوراوەکان بۆ جێگرتنەوەی ماوریسیۆ پۆچەتینهۆ لە چێڵسی.

راهێنەرە پۆرتوگالییەکە پێشتر دوو جاری دیکە راهێنەرایەتی چێڵسی کردووە و جگە لەوەش پۆستی یانەکانی تۆتنهام و مانچێستەر یونایتدیشی هەبووە.

دوابەدوای دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە لە رۆما و هاوکات بەردەوامبوونی ئەنجامە خراپەکانی چێڵسی، دەنگۆی ئەوە هەیە بەمزووانە پۆچەتینهۆ دەربکرێت و یەکێک لە کاندیدە بەهێزەکان مۆرینهۆ یە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی مێترۆ. لە ئێستادا سێ راهێنەر کاندیدی بەهێزن لەباری دوورخستنەوەی  راهێنەری ئێستای بلوز، ئەوانیش بریتین لە  میشێل سانچێز، رۆبێرتۆ دی زێربی و خۆزێ مۆرینهۆ.

میشێل راهێنەری جیرۆنایە و کارە سەرسوڕهێنەرەکەی  لەگەڵ یانەکەی لالیگا کردوویەتییە کاندیدی یەکەم، لەدوای ئەوەی رۆبێرتۆ دی زێربی راهێنەری برایتن دێت کە لەم دوو ساڵەی رابردوودا ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە. هەرچی مۆرینهۆیە شارەزای یانەکەیە و سەرەڕای شکستەکانی ئەم دواییەی لە کاری راهێنەرایەتیدا، رەنگە هێشتا کەسی گونجاو بێت بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی چێڵسی.

چێڵسی کۆتا دوو یاری پریمەرلیگی بە ئەنجامەکانی 4-1 و 4-2 بە یانەکانی لیڤەرپوول و وۆڵڤەرهامپتن دۆڕاند و دابەزی بۆ پلەی 12هەمی ریزبەندی خولەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button