راپۆرتی تایبەتسعودیەفۆرمولا وەنگرنگترین

سعودیە دەستبەسەر وەرزشی جیهانیدا دەگرێت؛ چاوەڕێی چی دیکە دەکرێت؟

سعودیە میوانداری گەورەترین پاڵەوانیەتییەکانی تۆپی پێ، بۆکسینگ، گۆڵف، فۆرمولا وەن و ئێستاش تێنس دەکات

یاریگا –

سعودیە دەیەوێت وێنەی خۆی لە جیهان بگۆڕێت و ئامادەکاری بۆ جیهانێکی بێ نەوت بکات، وەرزش کلیلی سەرەکی ستراتیجیەتی نوێی وڵاتە گەورەکەی کەنداوە.

هەرچەندە لە رابردوودا، وڵاتی دیکەش هەبووە، گرنگییەکی زۆری بە وەرزش داوە، بەڵام ستراتیجییەتی سعودیە زۆر جیاوازە و لە چەند ساڵی رابردوودا، وەبەرهێنانێکی زۆر لە کەرتی وەرزش و گەشتوگوزار کراوە.

قەتەڕ، دراوسێیە بچووکەکەی سعودیە لە ساڵی 2022 میوانداری مۆندیالی کرد و پێشتریش میوانداری چەندین پاڵەوانیەتی دیکەی کردووە، بەڵام سعودیە دەوڵەمەندترە و نیازی بێسنووری هەیە. هەرچەندە رەخنەی توند لە سعودیە دەگیرێت، ئەمەش بە هۆی بوونی تۆمارێکی خراپی پاراستنی مافەکان مرۆڤ، بۆیە دەگوترێت، سعودیە لەڕێگەی وەرزشەوە، دەیەوێت وێنەیەکی جوان پیشانی جیهان بدات.

بڕیارە سعودیە میوانداری دوا پاڵەوانیەتی تێنسی خانمان لە کۆتایی ئەمساڵ بکات، ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێکی زۆر گەورە بۆ راکێشانی سەرنجی زیاتری هەوادارانی وەرزشی.

باشە ئێستا چەند جۆر پاڵەوانیەتی وەرزشی لە سعودیە دەکرێن؟ چی دیکە زیاد دەکرێت؟

تۆپی پێ

سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە، لە ساڵی 2021 نیوکاسڵ یونایتدی کڕیەوە و لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، یانەکەی پرێمەرلیگ زیاتر لە 400 ملیۆن پاوەندی لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرجکردووە، ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیە بەراورد بە خەرجی یانەکانی دیکە.

هەڵبژاردەی سعودیە بەشداری لە شەش مۆندیالی رابردوودا کردووە، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، خولی سعودیە ناوبانگێکی ئەوتۆی نەبوو، تاوەکو گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ نەسڕ و گۆڕینی هاوکێشەی تۆپی پێی جیهانی.

لە سەرەتای هاوینی رابردوودا، سندووقی وەبەرهێنانی گشتی (PIF) خاوەندارێتی هەر چوار یانەی ئیتیحاد، هیلال، نەسڕ و ئەهلی گرتەئەستۆ. ئینجا گواستنەوە گرانبەهاکانی یاریزانانی ئەوروپا بۆ خولی رۆشنی سعودیە دەستیپێکرد.

کۆمپانیای دیلۆیت بڵاویکردووەتەوە، یانەکانی سعودیە لە هاوینی رابردوودا نزیکەی یەک ملیار دۆلاری لە گواستنەوەکاندا خەرجکرد، ئەمەش دووەم پڕ خەرجیترین خولەکانی جیهان بوو، لە دوای پرێمەرلیگ.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مەشقەکانی نەسڕ

لە لایەکی دیکەوە، سعودیە فایڵی خۆی بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2034 پێشکەشی فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ کردووە، هەروەها کۆمپانیای ئارامکۆ، کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی جیهانییە، دەبێتە سپۆنسەری سەرەکی فیفا و بەهای گرێبەستەکەی دەگاتە 100 ملیۆن دۆلار.

بەهۆی زیادکردنی ژمارەی هەڵبژاردە بەشداربووەکانی مۆندیال لە 32 هەڵبژاردەوە بۆ 48، سعودیە پێویستی بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر هەیە، تاوەکو بتوانێت، باشترین وەشانی مۆندیال پێشکەشی جیهان بکات.

سعودیە میوانداری مۆندیالی یانەکانی ساڵی رابردووی کرد و میوانداری جامی ئاسیای 2027 دەکات. جیا لەمەش سعودیە میوانداری جامەکانی سوپەری ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەکات و چەند پاڵەوانیەتی بچووکیشی بۆ یانە گەورەکان رێکخستووە، واتە خەریکی ئەزموونێکی فراوان پەیدا دەکات.

گۆڵف

لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 لە هەمان ئەو مانگەی سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، نیوکاسڵ یونایتدی کڕی، سعودییەکان بۆمبێکی گەورەیان تەقاندەوە و بەبڕی 2 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە پاڵەوانیەتییەکی نوێی گۆڵف، بە ناوی LIV GOLF خەرجکرد.

لەسەر ئاستی جیهان، پاڵەوانیەتییەکی گۆڵف بە ناوی PGA Tour هەیە، بەڵام ئێستا LIV Golf خەریکە دەستبەسەر هەمووی دادەگرێت و دەبێتە پاڵەوانیەتی ژمارە یەک لەسەر ئاستی جیهان، چونکە لە یۆنیۆ/حوزەیرانی ساڵی رابردوو، سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە بووە تاکە وەبەرهێنەر بۆ برەودان بە یاری گۆڵف و پاڵەوانیەتییەکانی تێکەڵ کرد.

هەرجەندە رێککەوتن کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بۆیە پاڵەوانیەتی LIV Golfی تایبەت بە سعودیە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە فێبرایەر/شوبات لە سعودیە دەستیپێکردووە.

کریکێت

ئارامکۆ کۆمپانیاییەکی حکومی سعودیەیە و لەلایەن سندووقی وەبەرهێنانی وڵاتەکەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لە ساڵی رابردوودا ئارامکۆ بووە سپۆنسەری سەرەکی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی کریکێت و رۆڵێکی باڵای لە پێشخستنی یارییەکە دەگێڕێت، بە تایبەت لە مۆندیالی کریکێتی رابردوو، کە لە هیندستان بەڕێوەچوو.

لەلایەکی دیکەوە، دەستەی گەشتوگوزاری سعودیە، سپۆنسەری سەرەکی پرێمەرلیگی هیندستانە و بە هۆی مافەکانی گواستنەوەی یارییەکانەوە، بەهایەکی گەورەی هەیە و داهاتی نزیکە لە پرێمەرلیگی ئینگلتەراوە.

ئەسپسواری

بەدرێژایی مێژوو، وڵاتانی کەنداو گرنگییەکی زۆریان بە ئەسپسواری داوە، بە تایبەت دوبەی و دۆحە میوانداری پاڵەوانیەتی گەورە دەکەن.

سعودیە دەیەوێت بەڕەکە لە ژێر پێی وڵاتانی دراوسێ دەربهێنێت، پاڵەوانیەتییەکی گەورەی رێکخست و بڕی 20 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵاتی پلەی یەکەم دەستنیشانکرد.

دەستنیشانکردنی ئەم بڕە پارەیە، گەورەترین خەڵاتە لە مێژووی ئەسپسواریدا. شازادە بەندەر بن خەلیفە ئال فەیسەڵ، سەرۆکی یانەی جۆکی بۆ ئەسپسواری سعودیە روونیکردووەتەوە، لە چەند ساڵی داهاتوودا، سعودیە دەیەوێت بچێتە خانەی یەکەمی وەرزشی ئەسپسواری.

بۆکسینگ – مشتەکۆڵە

سعودیە ماڵی نوێی بۆکسینگی ئاست نایابە. لە 23ی دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا لە ریاز ‘رۆژی حیساب’ رێکخرا و یاریزانی گەورەی هاوشێوەی ئانتۆنی جۆشوا و دیۆنتای وایڵدەر، بەشدارییان تێداکرد.

چیرۆکەکە لە ساڵی 2019 دەستیپێکرد، کاتێک جۆشوا سەردانی ریازی کرد و رووبەڕووی ئاندری رویز جونیۆر بووەوە.

تورکی ئالشێخ سەرکردایەتی پڕۆژەکانی نوێی بۆکسینگی سعودیە دەکات و ئێستا سەرۆکی دەستەی ئینتەرتەینمێنتی ‘ئاسوودەیی’ سعودییەیە.

فۆرمولا وەن

لە ساڵی 2021 سعودیە بۆ یەکەمجار میوانداری پاڵەوانیەتییەکی فۆرمولا وەنی کرد. گۆڕەپانەکە لە جەددە دروستکرا و هاوشێوەی مەنامە، دۆحە و ئەبوزەبی ناوی چووە نێو پێشبڕکێی پاڵەوانیەتی ساڵانەی جیهانییەوە.

لە ساڵی 2021 سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە بەبڕی 400 ملیۆن پاوەند وەبەرهێنانی لە تیمی فۆرمولا وەنی مەکلارێندا کرد، بەڵام دواتر پشکەکانی خۆی فرۆشتە سندووقی وەبەرهێنانی بەحرێن.

تێنس

سعودیە بۆمبێکی دیکەی لەسەر ئاستی جیهان تەقاندەوە، لە کۆتایی ئەمساڵ میوانداری پاڵەوانیەتییەکی تێنسی خانمان دەکات.

بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە کاریگەری زۆری لەسەر چالاکوانن دروستکردووە و دەیان هاشتاگ بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڕیارەکە دروستکراون.

مارتینا ناڤراتیلۆڤا و کریس ئێڤێرت، گەورە تێنسزانانی مێژوو، رەخنەی توندیان لە بڕیارەکە گرت و لە بەیاننامەیەکدا نووسیویانە

لە سعودیە تەنیا مافەکانی خانمان و پیاوان یەکسان نییە، بگرە هیچ ئازادییەک بۆ ئافرەتان فەراهەم نەکراوە، ئافرەتان ناتوانن بەبێ رەزامەندی سەرپەرشتیاری خۆی (باوک، برا، مام، خاڵ) ببنە خاوەنی زەوی یاخود خانووێک. سعودیە مێژووێکی خراپی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان هەیە، بەردەوام مایەی رەخنەی رێکخراوەکانی جیهانی بووە.

شازادە ریما بنت بەندەر ئالسعود، باڵیۆزی سعودیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی وەڵامی ناڤراتیلۆڤای دایەوە و گوتی ”ئەم قسانەی تۆ، پشتی بە دیدگایەکی کۆنی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ کولتووری سعودیە بەستووە.

زۆرانبازی سەربەست

هەرچەندە ئەستەمە زۆرانبازی سەربەست وەک وەرزش سەیر بکرێت، بەڵام بەشێکی زۆری پارەی سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە بۆ زۆرانبازی تەرخان کراوە.

لە ساڵی 2014 بەر لەوەی محەمەد بن سەلمان ببێتە سەرکردەی یەکەمی وڵاتەکە، یارییەکانی زۆرانبازی لە سعودیە بەڕێوەدەچوون، بەڵام بەبێ فۆکەسی میدیایی و پەخشکردنی تەلەڤزیۆنی.

WWE زنجیرەیەکک گرێبەستی لەگەڵ سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە واژۆ کردووە، لە ساڵی 2018 هاوبەشێتی 10 ساڵەیان واژۆکردووە و ئێستا بەشێکی کارای یارییەکانی وەرزشی وەرزی ریازە.

MMA – ئێم ئێم ئەی

یارییەکانی MMA یەکێکە لە خێراترین ئەو وەرزشانەی گەشە دەکەن و سعودیە وەبەرهێنانێکی زۆری تێدا دەکات.

لە ساڵی رابردوودا، سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە بەبڕی 100 ملیۆن دۆلار، پشکی لە خولی شەڕکەرانی پڕۆفێشیۆناڵ کڕییەوە.

ئی سپۆرتس – eSports

سعودیە ئامادەکاری بۆ لەخۆگرتنەوەی پاڵەوانیەتی گەورەی ئی سپۆرتس کردووە، رەنگە ببێتە سەنتەری کۆکردنەوەی گەیمەرانی جیهان.

لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا، بە ئامادەبوونی محەمەد بن سەلمان، جامی جیهانی ئی سپۆرتس رێکخرا و بڕیارە لە هاوینی داهاتووەوە، لە ریاز بەڕێوەبچێت.

سپۆنسەری

سعودیە لەڕێگەی کۆمپانیاکانی ئارامکۆ، بانکی نیشتمانی سعودیە و کۆمپانیای تێلیکۆمی سعودیە سپۆنسەری سەدان پاڵەوانیەتی و رووداوی وەرزشییان کردووە.

یەکێک لە سپۆنسەرە سەرەکییەکانی نیوکاسڵ یونایتد کۆمپانیای SELA-یە، کە کۆمپانیاییەکی گەشتوگوزاری سعودیە و حکومەتی خاوەندارێتی دەکات.

وەرزشوانی وەک لیۆنێل مێسی، رۆڵێکی باڵا لە راکێشانی سەرنجی جیهان دەگێڕێت و باڵیۆزی گەشتوگوزاری سعودیەیە. وەرزی ریاز سەرپەرشتی درێسی رۆما دەکات.

شاری نیۆم، کە شارێکی گەورەی تێکنۆلۆجییە و لەژێر چاککردندایە، سپۆنسەری جامی ئاسیا و کۆمەڵێک پاڵەوانیەتی دیکەی جیهانی دەکات.

کۆمپانیای ئارامکۆ، سپۆنسەری ئەنجوومەنی کریکێتی نێودەوڵەتی و خولی باسکەی چینی و راڵی داکار و پاڵەوانیەتی گۆڵفی ئاسیا دەکات.

سعودیە بە نیازی چی دیکەیە؟

سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە دەیەوێت پارەیەکی زۆر لە یانە گەورەکانی رەگبی ئینگلتەرا خەرج بکات. رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردووەتەوە، سعودیە دەیەوێت وەبەرهێنان لە یانەکانی گلۆستەر، لێستەر تایگەرس، نۆرسامتن سەینتس و نیوکاسڵ فاڵکۆسن بکات. کۆی گشتی خەرجی سپۆنسەرییەکە دەگاتە 60 ملیۆن پاوەند و بەنیازە ئەکادیمیاییەکی گەورەی رەگبی لە ریاز بکاتەوە.

سعودیە دەمێکە حەزی لە یارییەکانی ئۆڵێمپیادە و دەیەوێت میوانداری بکات، هەرچەندە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام سعودیە هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ، تاوەکو میوانداری ئۆڵێمپیادی زستانە بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button