ئینگلتەراگرنگترین

مانچێستەر یونایتد ئامانجی سەرەکی مێرکاتۆی زستانەی دەستنیشانکرد

شەیتانە سوورەکان بە دوای یاریزانێکی ژمارە 10 وێڵە

یاریگا –

لەگەڵ دەستبەکاربوونی سێر جیم راتکڵیف و کڕینەوە پشکێکی یانەی مانچێستەر یونایتد، راین شێرکی، هێرشبەری لیۆن بووەتە ئامانجی سەرەکی شەیتانە سوورەکان.

پلاتفۆرمی فووتبۆڵ ترانسفێرس بڵاویکردووەتەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا، ناوی ئەستێرەکەی لیۆن بە یانەکانی پرێمەرلیگ بەسترابووەوە، بەڵام راتکڵیف دەیەوێت، شێرکی بکاتە یەکەم گرێبەستی مێرکاتۆی زستانەی داهاتوو.

بەگوێرەی راپۆرتەکە بێت، راتکڵیف سوورە لەسەر گواستنەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکە، تەنانەت ئەگەر لە مێرکاتۆی زستانەش سەرکەوتوو نەبوو لە گواستنەوەی، ئەوا بۆ هاوینی داهاتوو، هەموو هەوڵێک بۆ گواستنەوەی دەخاتەگەڕ.

راتکڵیف خاوەنی یانەی نیسی فەرەنسییە، بۆیە پەیوەندی زۆر پتەوی لەگەڵ یانەکانی دیکەی فەرەنسا هەیە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیاری شێرکی دروست بکات.

شێرکی دەتوانێت وەک ناوەڕاستکاری هێرشبەر و لە باڵەکان یاری بکات. لەم وەرزەدا بەشداری لە 17 یاریدا کردووە، بەڵام هیچ گۆڵێکی نەکردووە و دوو ئەسیستی هەیە.

شێرکی زیاتر وەک یاریزانی ژمارە 10 لەگەڵ لیۆن دەردەکەوێت و دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی بڕونۆ فێرناندێس و مەیسن ماونت.

جیا لە گواستنەوەی یاریزانێکی ژمارە 10. ئێریک تێن هاخ، بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر یونایتد، دەیەوێت هێرشبەرێک بۆ پاڵپشتیکردنی راسموس هۆیلوند بگوازێتەوە، چونکە ئاستی چاوەڕوانکراوی پێشکەش نەکردووە.

هەریەکە لە تیمۆ فێرنەر، سێرهۆ گوراسی و دۆنیێڵ مالێن، ناویان بە مانچێستەر یونایتد بەستراوەتەوە. گەڕاندنەوەی مەیسن گرینوودیش، یەکێکە لە بژاردەکان.

بابەتی زیاتر

Back to top button