ئاسیاسعودیە

قەتەرییەکانیش هاوشێوەی سعودییەکان بازاڕەکە دەشڵەقێنن!

ڕاهێنەرێک دەگوازنەوە و دەیکەن بە خاوەنی بەرزترین مووچە لە جیهاندا!

یاریگا –

وا دیارە پرۆژەی وەرزشیی لای خەلیجییەکان لە تەنها وڵاتێکدا قەتیس نابێت و، هاوشێوەی پارەهەڵڕشتنەکەی سعودیەکان ئەم جارە قەتەرییەکان بازاڕی گواستنەوەکان دەشڵەقێنن.

ئەمشەو لە هەواڵێکی نوێدا پێگەی Diaro SPORTی ئیسپانی بڵاوی کردووەتەوە کە سەرچاوەکەی ژواکیم پیێرای رۆژنامەنووسی بەرازیلیە، یانەی سەدی قەتەری نزیکن لە گواستنەوەی ئابێل فێرێرای ڕاهێنەری ئێستای یانەی پاڵمێراسی بەڕازیلیی.

رەنگە تا ئێرە هەواڵێکی ئاسایی بێت لە بابەتی گواستنەوەی راهێنەرێکی خولی بەرازیلی بۆ یانەیەکی قەتەری. بەڵام ئەوەی مایەی شۆک و تێڕامانە و بووەتەوە جێی بایەخ، لە درێژەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەنووسەدا هاتووە کە سەد ئەو راهێنەرە دەکاتە خاوەنی بەرزترین مووچە لەسەر ئاستی ڕاهێنەرانی سەرتاسەری جیهان.

ژواکیم هەر بە ناوهێنان، ناوی ڕاهێنەرە بەناوبانگەکانی ئێستای هێناوە لەوانە سیمیۆنی، پیپ گواردیۆلا، یۆرگن کلۆپ، ماسیمیلیانۆ ئالێگری و جۆزێ مۆریهۆ هیچیان لە مانگی یەنایەری داهاتووەوە چیتر خاوەنی بەرزترین مووچە  نابن، بەڵکو ئابێلی پورتوگالی دەبێت لەگەڵ سەدی قەتەری.

ئابێل کە ناوزەدیش دەکرێت بە “خوێندکارەکەی جۆزێ مۆریهنهۆ”، خاوەنی جەماوەرێکی زۆرە لەگەڵ پاڵمێراس، بەوپێیەی لەوەتەی ساڵی 2020 ئەرکی یانەکەی گرتووەتە ئەستۆ توانیویەتی هەشت نازناویان بۆ بباتەوە کە گرنگترینیان دوو جار جامی کۆپا لیبەرتادۆرێسە لە ساڵەکانی 2020 و 2021.

پێگەی سپۆرتی ئیسپانیش ئەوەی خستووەتە روو ڕێککەوتنی سەد و ڕاهێنەرە پورتوگالییەکە زۆر پێشڤەچووە و لە ماوەی پازدە رۆژیتردا تەواو دەکرێت کاتێک کە ئەم وەرزەی خولی بەرازیل کۆتایی دێت.

ئابێل فێرێرا لەگەڵ جامی لیبەرتادۆرێسی 2021

 

بابەتی زیاتر

Back to top button