سعودیەگرنگترین

نهێنی گواستنەوەی رۆناڵدۆ بۆ نەسر ئاشکرا دەبێت

کۆمەڵێک زانیاری نەزانراو لەسەر گواستنەوەی ئەستێرەکان بۆ خولی رۆشەنی سعودیە

یاریگا –

سەعد لەزیز، جێگری سەرۆکی خولی رۆشنی سعودیە بۆ یەکەمجار دیوی شاراوەی گواستنەوەی ئەستێرە گەورەکانی تۆپی پێ ئاشکرا دەکات.

سعودیە پڕۆگرامێکی تایبەتی بۆ گواستنەوەی ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێ بە ناوی ‘جەمسەرگرتن’ داڕێشتووە، بەڵام بۆ یەکەمجارە ئاشکرا دەبێت، یانەکانی نەسڕ و سعودیە هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ گواستنەوەی ئەستێرە گەورەکان خەرج نەکردووە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، لە بڕیارێکی کتوپڕدا، چووە نەسڕی سعودی و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگی راکێشانی سەرنجی ئەستێرەکانی دیکە بوو.

لەزیز بەشداری لە بەرنامەی کووڕەی کەناڵی رۆتانا خەلیجییە کرد و چەندین زانیاری نەگوتراوی خستەڕوو

نەسڕ یەک ریالی بۆ گواستنەوەی رۆناڵدۆ خەرج نەکردووە، بەڵکو گواستنەوەی کریستیانۆ بەشێکە لە پڕۆگرامی ‘جەمسەرگرتن’-ی راکێشانی ئەستێرەکانە، ئەمەش لە پێناو پەرەپێدانی تۆپی پێی سعودیەیە. واتە تەواوی خەرجییەکانی گواستنەوەی رۆناڵدۆ لە ئەستۆی ئەو پڕۆگرامەدا بووە. گواستنەوەی ئەستێرەکانی دیکەی وەک نێیمار بۆ هیلال، جۆتا بۆ ئیتیحاد، مارسێلۆ بڕۆزۆڤیچ و ئۆتاڤیۆ بۆ نەسڕ لەسەر بودجەی پڕۆگرامی ‘جەمسەرگەرتن’ بووە.

لەزیز جەختیکردەوە، شازادە وەلید بن تەڵال، ئەرکی خەرجی گواستنەوەی یاسیین بۆنۆی بۆ هیلال لە ئەستۆگرت و لە دەرەوەی پڕۆگرامی جەمسەرگرتن بووە.

جێگری سەرۆکی خولی رۆشنی سعودیە، لەبارەی وردەکاری دارایی دەڵێت

ساڵانە یانەکانی سعودیە لە نێوان 350 بۆ 400 ملیۆن ریالی سعودی خەرج دەکەن. لەسەرووی هەمووشەوە، 20-25%ی پارەکە بەهەدەر دەچێت، ئەمەش پەیوەست بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانانە و ئەم پارەیە بەفیڕۆ دەچێت.

لەبارەی رێسا توندەکانی پڕۆگرامی جەمسەرگرتن، لەزیز روونیکردەوە، هەموو هەنگاوەکان دەبێ دیراسەت بکرێن

یانەکان ناتوانن بەبێ رەزامەندی پڕۆگرامی جەمسەرگرتن هیچ بڕیارێک لەبارەی دوورخستنەوەی یاریزان یاخود راهێنەرێک بدەن. کەواتە پڕۆگرامەکە دەسەڵاتی لەسەر بڕیارەکان دەبێت و نابێ یانەکان لەخۆیانەوە هیچ بڕیارێک بدەن.

لەزیز سەرنجی خستە رووداوی دوورخستنەوەی نونۆ سانتۆ لە راهێنەرایەتی ئیتیحاد و جەختیکردەوە، یانەکەی جەدە رەزامەندی لە پڕۆگرامی جەمسەرگرتن وەرگرتووە، ئینجا بڕیاری دوورخستنەوەی دراوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button