فه‌ره‌نسا

راهێنەرەکەی لیۆن بە بریندارییەوە بەشداری راهێنانی یانەکەی دەکات

یاریگا –

فابیۆ گرۆسۆ، راهێنەری یانەی لیۆن، پەیوەندی بە مەشقەکانی تیپەکەی کردەوە دوای ئەو رووداوە تاڵەی کە پێش یارییەکەی لەگەڵ مارسیلیا بەسەریدا هات.

هێرشی هاندەرانی مارسیلیا بۆ سەر پاسەکەی لیۆن پێش یارییە گرینگەکەی ئەم دوو تیپە، بووە هۆی شکاندنی شووشەی پاسەکە و گرۆسۆ بە سەختی بریندار کرا.

وێنە بڵاوکراوەکانی رووخسارە خوێناوی و بریندارەکەی زۆر کەسی دڵگران کرد، دواتر راگەیەندرا کە ئەم راهێنەرە نێوان بڕو و  چاوی بە 13 تەقەڵ دووراوەتەوە و دوور نییە  یەکێک لە چاوەکانی بینایی لەدەست بدات.

بەڵام دوێنێ گرۆسۆ سەرەڕای هەستکردن بە ئازار و برینەوە بڕیاریدا بگەڕێتەوە و لەگەڵ یاریزانەکانی دەست بە راهێنان بکاتەوە، بەڵام تەنها کڵاوێکی لەسەر کردبوو تاوەکوو برینەکانی بشارێتەوە.

هەرچەندە راهێنەرە ئیتاڵییەکە نەیتوانی تا کۆتایی راهینانەکە بەردەم بێت بۆیە کارەکەی بۆ یاریدەدەرەکانی بەجێهێشت. هەرچەندە یاریدەدەری یەکەمی بەهەمان شێوە بەهۆی فڕێدانی بەرد بەسەر پاسەکەی لیۆنێلدا بریندار ببوو، بەڵام برینەکەی ئەو زۆر مەترسیدار نەبوو.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە یاریزانان و ئەندامانی ستافی تەکنیکی لیۆن نانی بەیانییان پێکەوە خوارد، هەروەها گرۆسۆش لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادە بوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت هێشتا مەشق و راهێنانەکان لەلایەن ئەندامانی دیکەی ستافی تەکنیکی ئەم تیپە بەڕێوەبچێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button