کوردستانگرنگترین

بۆچی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لۆگۆیەکی بە وێنەی بزنی کێوی بۆ جامی کۆنیفا هەڵبژارد؟

یاریگا –

یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، لۆگۆی پاڵەوانیەتی 2024ی کۆنیفای ئاشکرا کرد.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، لۆگۆی پاڵەوانیەتی کۆنیفا پەسند کرا، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

یەکێتییەکە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان داوای لە سەرجەم دیزاینەران و ئەو کەسانەی پەیوەستن بە کاری هونەرییەوە کرد، لۆگۆی کۆنیفا دیزاین بکەن، تاوەکو جوانترینیان هەڵببژێردرێت. لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا، لۆگۆی سەباح حوسێن ساڵح هەڵبژێردرا و بووە لۆگۆی فەرمی جامی کۆنیفای 2024.

تۆڕی وەرزشی یاریگا پەیوەندی بە سیروان نەجمەدین، سکرتێری یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانەوە کرد و پرسیاری هەڵبژاردنی لۆگۆکەی کرد

لۆگۆی کۆنیفای 2024 ئاڵای کوردستانی تێدایە، هەرێمی کوردستان بە سروشتەکەی ناسراوە، بۆیە چیا و سەوزایی لە لۆگۆ بەدی دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان سامانێکی گەورەی ئاژەڵی هەیە کە جێگای شانازیی ئێمەیە لە دەرەوەی کوردستان، دوو ئاژەڵمان هەیە زۆر بەناوبانگن، یەکێکیان کەوە و ئەوەی دیکەیان بزنی کێوییە.

لەلایەکی دیکەوە سیروان نەجمەدین هۆکاری رەتکردنەوەی لۆگۆکای دیکەی کرد

کاتێک داوامان لە دیزاینەران کرد، بیرۆکەی لۆگۆکان بنێرن، بەڕاستی ژمارەیەکی زۆری دیزاینی لۆگۆمان بەدەستگەیشت، بەڵام زۆربەی لاسایی لۆگۆکانی دیکەی جیهانی کرابوون، تەنیا دەستکاری رەنگ و ئاڵاکان کرابوون، ئەگەرنا کۆنسێپتەکە ئۆرجیناڵ نەبوون. ئەو لۆگۆیەی هەڵبژێردراوە سروشتی کوردستانی تێدایە، هەربۆیە بە دەنگی هەر 10 ئەندام پەسند کرا.

بڕیارە یارییەکانی جامی کۆنیفا لە یاریگاکانی فرانسۆ هەریری، زاخۆی نێودەوڵەتی، دهۆک، سلێمانی بەڕێوەبچن. پێشبینی دەکرێت 15 هەڵبژاردەی هەرێمەکان بەشداری جامی کۆنیفای 2024 بکەن.

کۆنیفا کورتکراوەی کۆنفێدراسیۆنی یەکێتییە سەربەخۆکانی تۆپی پێیە و رێکخراوی نێودەوڵەتییە، نوێنەرایەتی ئەو تیمانە دەکات کە ئەندامی فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ نین.

کۆنیفا لە ساڵی 2013 دامەزراوە و لە 9ی ئایاری رابردوو، شەڕەفی میوانداریکردنی پاڵەوانیەتییەکە بە هەرێمی کوردستان بەخشرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button