ئیسپانیاگرنگترین

هەڵبژاردنەکانی ریال مەدرید گەڕانەوەی مۆرینیۆ ئاڵۆز دەکەن؛ بێنفیکا دەیەوێت قازانج بکات

مۆرینیۆ شیکاریی بۆ یارییەکانی ریال مەدرید کردووە و چاوەڕێی پێرێزە

Yariga App

یاریگا –

لە کاتێکدا یانەی ریال مەدرید خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئامادە دەکات، جۆزێ  مۆرینیۆ لەسەر هێڵی چاوەڕوانی ماوەتەوە.

راهێنەرەکەی بێنفیکا کە لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە بۆ گەڕانەوە بۆ بێرنابیۆ دەستنیشان کراوە، زۆر باش دەزانێت کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان گەیشتنی بە مەدرید ئاڵۆزتر کردووە.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، یانەی بێنفیکا دەیەوێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە و زیاتر لەو 7 ملیۆن یۆرۆیە بەدەستبهێنێت کە وەکوو مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی مۆرینیۆ دیاریکراوە. ئەم مەرجە سزاییە تەنیا تاوەکوو رۆژی 26ـی ئایار کارایە. دوای ئەو بەروارە، مەرجەکە بەسەر دەچێت و ریال مەدرید ناچار دەبێت راستەوخۆ دانوستان لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە بکات، کە ئەوانیش بە تامەزرۆییەوە دەیانەوێت زۆرترین قازانج لەو دۆخە بکەن.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پەیوەندییەکانی نێوان ریال مەدرید و بێنفیکا لە چەند مانگی رابردوودا زۆر تێکچووە؛ هۆکارەکانیش بریتین لە؛ رۆیشتنی ئالڤارۆ کارێراس، ململانێکان لەسەر گواستنەوەی یاریزانان پێش یان دوای مۆندیالی یانەکان، پێکدادانەکانیان لە چامپیۆنزلیگ، هەروەها ئەو قەیرانەی رەگەزپەرستییەی کە جیانلوکا پرێستیانی و ڤینیسیۆس جۆنیۆری تێوەگلا. کەیسی مۆرینیۆش وەکوو دوایین دڵۆپ وابوو کە پەرداخەکەی پڕ کرد.

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری نوێی ریال مەدرید

بڕیاری کۆتایی مۆرینیۆ؛ ماڵئاوایی لە لیسبۆن

سەرەڕای ئەوەی مۆرینیۆ یەک ساڵ لە گرێبەستەکەی لەگەڵ بێنفیکا ماوە، بەڵام بڕیاریداوە یانەکە جێبهێڵێت، جا چارەنووسی لەگەڵ ریال مەدرید هەرچۆنێک بێت. رۆیشتنی مۆرینیۆ لە بێنفیکا نە زۆر ئارامە و نە زۆر شەڕانگێزانەشە. کارگێڕیی بێنفیکا تووڕە بوون کاتێک راهێنەرە 63 ساڵانییەکە بە ئاشکرا رایگەیاند کە ئۆفەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێگەیشتووە و تاوەکوو دوای کۆتا یاری سەیری ناکات. لە بەرامبەریشدا، مۆرینیۆ نیگەران بوو لەوەی بێنفیکا زۆر درەنگ ئۆفەرەکەیان پێشکەش کرد و پێی وابوو تەنیا لەبەر بەرپرسیارێتی و دوای ئەوەی مەدرید پەیوەندی پێوە کردوون، ئەو کارەیان کردووە.

مۆرینیۆ ئێستا لەسەر هێڵی ئامادەباشییە. ئەو دڵنیایە لەوەی پێرێز هەڵبژاردنەکان دەباتەوە، هەرچەندە دەزانێت ئەم پرۆسەیە رەنگە پرۆژەکەی بۆ چەند هەفتەیەکی هەستیار دوابخات. ئەگەر بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پێرێز هەڵبژاردنەکانیش بدۆڕێنێت، مۆرینیۆ دەمێکە چەندین ئۆفەری لە یانە گەورەکانی دیکەوە پێگەیشتووە و لە بێنفیکا نامێنێتەوە.

پلانەکانی سپێشەڵ وەن بۆ مەدرید ئامادەن

مۆرینیۆ بە وردی شیکاری بۆ 6 بۆ 7 یاریی رابردووی ریال مەدرید کردووە و دیاریکردووە کە تیپەکە لە چ شوێنێکدا پێویستی بە بەهێزکردنە. ئەو دەزانێت کە لەم دوو هەفتەیەدا سەرنجی پێرێز تەنیا لەسەر بردنەوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت نەک جێبەجێکردنی پلانە وەرزشییەکان. هەروەها مۆرینیۆ چاوەڕێیە بزانێت ئایا پێرێز لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بە ئاشکرا ئەوی وەک راهێنەری داهاتوو رادەگەیەنێت یان نا، کە ئەمەش پێگەی ئەو زۆر بەهێزتر دەکات.

گرێبەستە چاوەڕوانکراوەکەی مۆرینیۆ لەگەڵ مەدرید بۆ ماوەی دوو ساڵە، لەگەڵ ساڵێکی سێیەم کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی چالاک دەبێت ئەگەر نازناوی لالیگا بباتەوە. ئامانجی گەورەی مۆرینیۆ ئەوەیە کۆتاییەکی ناوازە بە کاروانی وەرزشیی خۆی بهێنێت و دواجار جامی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ یانەی شاهانە بەرز بکاتەوە، دوای ئەوەی لە قۆناخی یەکەمی  سێ جار لەسەریەک لە قۆناخی پێش کۆتاییدا ماڵئاوایی کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button