ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ریال مەدرید پێشنیارێکی نوێ بۆ تۆنی کروس دەکات

یاریگا –

یانەی ریال مەدرید دەیەوێت گرێبەستی تۆنی کروسی ئەڵمانی و ئەستێرەی یانەکەی نوێبکاتەوە.

پێگەی okdiario بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید نایەوێت دەستبەرداری تۆنی کروس ببێت، پێشنیاری بۆ یاریزانەکە کردووە گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکەش نوێبکاتەوە و لە مەدرید درێژە بە یاریکردنی بدات.

ئەستێرە ئەڵمانییەکە لەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ یەک وەرز نوێکردەوە، تا ئێستا بڕیاری لەسەر داهاتووی نەداوە.

چارەنووسی یاریزانەکە پەیوەستە بە توانای جەستەیی و حەزی خۆی بۆ بەردەوامبوون، پلانی یاریزانەکە وایە لە کۆتایی ئەم وەرزە جارێکی دیکە دۆخەکە هەڵبسەنگێنێت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی یاخود وازهێنانی یەکجارەکی لە یاریکردن.

بەپێی سەرچاوە ئیسپانییەکە، لە ئەگەری بوونی چابی ئاڵۆنسۆ بە راهێنەری نوێی ریال مەدرید، ئەگەری مانەوەی کروسیش زۆر دەبێت، چوونکە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوانیاندا هەیە، چابیش حەز بە کارکردن لەگەڵ تۆنیدا دەکات.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەیش کردووە، یاریزانە 33 ساڵانییەکە لەم هاوینە ئۆفەری هەریەکە لە یانەکانی پاریس سانجێرمان، بایرن میونشن و مانچێستەر سیتی رەتکردووەتەوە.

جیا لەو سێ یانە ئەوروپییە، تۆنی ئۆفەرێکی زەبەلاحی سعودیییەکانی بە بەهای 450 ملیۆن یۆرۆ بۆ سێ وەرز رەتکردووەتەوە، ئامادە نییە لەدوای ریال مەدرید یاری بۆ هیچ یانەیەکی دیکە بکات.

کروس، مۆدریچ و کاسێمێرۆ لە یاتی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2021

کروس لە هاوینی 2014 بە بڕی 25 ملیۆن یۆرۆ لە بایرن میونشنی ئەڵمانییەوە گواسترایەوە بۆ لۆس بلانکۆس، بە درێسی یانە ئیسپانییەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 428 یاری کردووە، 28 گۆڵی کردووە و 91 گۆڵیشی درووستکردووە.

چوار نازناوی چامپیۆنزلیگ، پێنج نازناوی جامی جیهانی یانەکان، سێ نازناوی لالیگا، چوار نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا، یەک نازناوی جامی شای ئیسپانیا و سێ نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ مێرێنگی بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button