ئینگلتەرا

بێکهام: فێرگسن وەک باوکم وابوو

یاریگا –

دەیڤد بێکهام، ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد دەڵێت، ئەلێکس فێرگسن رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێگەیشتنی ئەو یاریزانە.

لە ساڵی 1991 بێکهام پەیوەندی بە یانەکەوە کرد و زۆری نەخایاند سەرنجی فێرگسنی بەلای خۆیدا راکێشا. ئەم راهێنەرە گەورەیە بەهرەی ئەم یاریزانەی بینی و لە تیپەکەیدا بەکاری هێنا و دەرفەتی ئەوەی پێبەخشی کە لێهاتوویی خۆی نیشان بدات.

هەر لە مانچستەر یونایتد بوو کە بێکهام خۆی وەک یەکێک لە ئەستێرەکانی جیهانی تۆپی پێ جێگیر کرد و بووە کەسایەتییەکی جیهانی لەناو یاریگا و دەرەوەی یاریگادا. بەڵام دۆخەکە بە هەمان شێوە بەردەوام نەبوو و دواجار ململانێی نێوان ئەم دوو کەسە بووە هۆی ئەوەی ئەم ئەستێرە ئینگلیزییە مانچستەر یونایتد بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات.

بێکهام لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریی نێتفلێکسدا، سەبارەت بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ فێرگسن دەڵێت:

ئەلێکس فێرگسن کەسێک بوو کە من وەک باوکێک سەیریم دەکرد. “بە دڵنیاییەوە ئەو یەکێک بووە لە گرنگترین کەسەکانی ژیانم لە تەمەنی 12 یان 13 ساڵییەوە کاتێک بۆ یەکەمجار ناسیم”.

فێرگسن لەم دۆکیۆمێنتاریەدا سەبارەت بە کارکردن لەگەڵ ئەم یاریزانە دەڵێت:

ئەو وەک کوڕێکی بچووک و لاواز هاتە لای ئێمە، بەڵام کاتێک تواناکان دەبینیت، هەموو شتێک روون دەبێتەوە. کاری ئێمە بوو ئەم بەهرەیە بەدی بهێنین و بیکەین بە پیاو”.

 

ئەو دووانە پێکەوە لە مانچستەر ئاهەنگی سەرکەوتنی گەورەیان گێڕاوە، چونکە بێکهام شەش نازناوی پریمەرلیگ و دوو جامی یەکێتی ئینگلتەرا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا لەگەڵ ئەو یانەیەی کە لە منداڵیەوە لێی گەورە ببو، هەروەها لە ساڵی 1999 بێکهام لەلایەن یوفا وەک باشترین یاریزانی ئەوروپا دەست نیشان کرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button