ئینگلتەرا

ماک ئالیستەر سزا دەدرێت

یاریگا –

ئەلێکسیس ماک ئەلیستەر، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول ئەگەری هەیە رووبەڕووی سزای ببێتەوە بەهۆی لێدوانەکانی سەبارەت بە ناوبژیوان لە یاری بەرامبەر تۆتنهام.

یارییە مشتومڕاوییەکەی لیڤەرپوول بەرامبەر تۆتنهام کە بە شکستی تیپەکەی یۆرگن کلۆپ کۆتایی هات، تاوەکوو ئێستا ئەم تیپەی لەناو کێشەدا هیشتووەتوە.

هەڵە زەقەکەی VAR کە بووە هۆی رەت کردنەوەی گۆڵی لویس دیاز بە هۆی ئۆفسایدەوە، راهێنەر و بەڕێوبەران و یاریزانانی لیڤەرپوولی زۆر تووڕە کرد.

لیژنەی ناوبژیوانانی پرێمەرلیگ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەکرد، بڕیارەکە هەڵە بووە و داوای لێبوردنیان لە لیڤەرپوول کردووە لەسەر ئەوەی روویداوە، بەڵام ئەمە کاریگەری لەسەر توڕەییەکەیان نەبوو.

بە پێی هەواڵێکی پێگەی گۆڵ، کریستیان رۆمیرۆ، ئەستێرەی یانەی تۆتنهام دوای کۆتاییهاتنی ئەم یارییە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی: ئەم تیپە رۆحێکی گەورە و دڵێکی گەورەی هەیە. “هەمیشە وا بووە، هەموومان بەیەکەوەین.” ئەم بابەتە کاردانەوەی ماک ئەلیستەری بەدوا دابوو کە لە وەڵامدا نووسی بووی: “ئەوە ئاساییە کاتێک 12 یاریزانت هەبێت”.

گاڵتەپێکردنەکەی ئەم یاریزانە بە ناوبژیوانی یارییەکە وایکردووە مەترسییەکی گەورەی لەسەر درووست بکات و بەو هۆیەوە لە چەند یارییەک نێبەش ببێت، بەتایبەتی کە وەرزی رابردوو کلۆپ بە هۆی کاردانەوەیەکی هاوشێوە بۆ دوو یاری نەیوانی یاوەری تیپەکەی بکات.

هەرچەندە ئەم کۆمێنتە دوای چەند کاتژمێرێک سڕدرایەوە، بەڵام بەس بوو بۆ ئەوەی هەمووان بیبینن، ئێستاش ماوەتەوە بزانین ئایا پرێمەرلیگ بڕیارێکی جددی لەو بارەیەوە دەدات یاخود نا.

بابەتی زیاتر

Back to top button