فه‌ره‌نسا

لاوێکی 17 ساڵان سەرکردەی نوێی پاریس سانجیرمانە

یاریگا-

وارن ئێمری دیاردەی لاوی یانەی پاریس سانجێرمان شەوی رابردوو سەلماندی کە توانای سەرکردایەتیکردنی ئەم تیپەی هەیە.

شەوی رابردوو یانەی پاریس سانجێرمان لە یارییەکی چارەنووسسازدا لە هەفتەی شەشەمی خولی فەرەنسا رووبەڕووی مارسیلیا بووەوە و توانی بە ئەنجامی 0-4 لەم تیپە بباتەوە.

گۆنزالۆ رامۆس بەو دوو گۆڵەی کە تۆماری کرد، وایکرد شوێنی چۆڵی کیلیان ئێمباپێ کە بەهۆی پێکانەوە لەخولەکی 32 یاریگای جێهێشت، هەست پێنەکرێت، هەروەها ئەشرەف حەکیمی و راندال کۆلۆ مۆوانی توانیان گۆڵەکانی تری ئەم تیپە تۆمار بکەن.

وارن ئێمری کە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا سەرنجی زۆری میدیاکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، لەم یارییەدا لەلایەن لویس ئێنریکیەوە لە پێکهاتەی سەرەکی پاریس سانجێرماندا جێگیرکرا و ئاستێکی بەرچاوی پێشکەشکرد.

پاریس سانجێرمان کە لە سەرەتای وەرزەوە بەهۆی ئەنجامەکانەوە فشارێکی زۆری لەسەر بوو، دوای کۆتایی هاتنی ئەم یارییە و بەبۆنەی سەرکەوتنەکەی بەرامبەر رکابەرە کۆنەکەی، لەگەڵ هاندەران ئاهەنگی گێرا. بەڵام شتێکی سەرنجڕاکێش کە دوای کۆتایی هاتنی ئەم یارییە روویدا.

یاریزانانی ئەم تیپە دڵخۆش بوون و ئاهەنگیان دەگێڕا و ئەم ئەستێرە تەمەن 17 ساڵە لە ناوەندی ئەم ئاهەنگەدا بوو و بڵندگۆیەکی بەرەو شوێنی دانیشتنی هاندەرانی پاریس سانجێرمان بەرز کردبویەوە و دروشمی دەگوتەوە.

هەروەها یاریزانەکانی تری پاریس سانجێرمان یاوەری بوون و هەموویان بەیەکەوە سەرقاڵی چەپڵە لێدان و وتنەوەی دروشم بوون، رووداوێک کە زۆر دەنگدانەوەی هەبوو و زۆرێک لە میدیاکان ئێمرییان وەک پێشەنگی نوێی پاریس سانجێرمان ناساند.

بابەتی زیاتر

Back to top button