ئه‌مریکا

مێسی ناتوانێت لە یارییەکەی ئەمشەو دا ئامادە ببێت

یاریگا –

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی ناتوانێت یاوەری یانەی ئینتەرمەیامی بکات لە یارییەکەی ئەم شەویاندا بەرامبەر ئاتالانتا.

لە کاتی کەمپە نێودەوڵەتییەکاندا، مێسی پەیوەندی بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کرد بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 لە ئەمریکای باشوور.

بەڵام بە هۆی پێکانەوە نەیتوانی لە یاری دووەمی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر بۆلیڤیا بەشداری بکات، بەڵام لەگەڵیان گەشتی کرد و دوای کەمپی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گەڕایەوە ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی چارەسەری پزیشکی.

تاتا مارتینۆ، راهێنەری ئینتەرمەیامی، پێشتر باسی لەوە کردبوو کە ئامادەبوونی لە پێکهاتەی تیپەکەی بەرامبەر ئاتلانتا گومانی لەسەرە، ئێستاش وا دیارە ناتوانێت لەم یارییەدا کە ئەمشەو کاتژمێر 12:00 بەڕێوە دەچێت یاوەری ئینتەرمەیامی بکات.

بە پێی هەواڵێکی ESPN، یاریزانەکە رۆژی هەینی لە مەشقی تیپەکە ئامادە بوو، بەڵام شەوی رابردوو ستۆرییەکی بڵاوکردەوە کە لە چێشتخانەیەکی بەناوبانگی مەیامی خەریکی پیتزا خواردنە بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە لە ماڵەوەیە و پشوو دەدات و لەگەڵ یانەکەی گەشتی نەکردووە.

بڕیارە کەمتر لە دوو هەفتەی داهاتوو یاری کۆتایی پاڵەوانێتی ئەمریکی ئۆپن ئەنجام بدرێت، پێدەچێت پشوودانی مێسی لە یاری ئەمشە بەباشتر بزانرێت بۆ ئەوەی مێسی بتوانێت لە یارییە کۆتایی پاڵەوانەتیەکەدا ئامادە ببێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button