مەیسن گرینوود بەشێوەیەکی جیاواز لە مەشقەکانی بەردەوامە
یاریگا –
مەیسۆن گرینوود یاریزانە ئینگەڵتەراییەکە، هێشتا چاوەڕێی بڕیارێکی مانچستەر یونایتد دەکات سەبارەت بە داهاتووی خۆی، هەروەها لە پارکێکدا کە بە تەنیا مەشق و راهێنان دەکات بینرا.
هێرشبەرە لاوەکە لە مانگی یەکی ساڵی 2022ەوە یارییەکانی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد لێ قەدەغە کراوە و زیاتر لە 18 مانگ بەسەر دواجار کە درێسی شەیتانە سوورەکانی پۆشیوە تێپەڕدەبێت.
هەرچەندە هێشتا روون نییە کە وەرزی داهاتوو لە ریزی قوتابییەکانی ئێریک تێنهاخ دەبێت یان نا، بەڵام بە تەنیایی لە پارکێکدا راهێنان دەکات.
هێرشبەرە تەمەن 21 ساڵەکەی یونایتد لەگەڵ باوکی لە پارکێکی گشتیدا بینرا کە چەندین مەشقی تۆپی پێی جۆراوجۆری ئەنجامدا، لەوانەش شوت لێدان و راکردن. بڕیارە یونایتد لە چەند رۆژی داهاتوودا پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی پریمەرلیگ بڕیار لەسەر داهاتووی گرینوود بدات.
رۆژی دووشەممە یونایتد لە هەفتەی یەکەمی پریمەرلیگ رووبەڕووی وۆڵڤز دەبێتەوە. لە سەروبەندی ئەم رووبەڕوو بونەوەیەدا، گرینوود چاوەڕێی یەکێک لەو 4 بڕیارە دەکات کە یانەکە دەتوانێت لەبارەیەوە بیدات. رەنگە شەیتانە سوورەکان ئەم یاریزانە بفرۆشن، یان بە خواستن بیگوازنەوە بۆ تیپێکی تر، یاخود بیهێننەوە بۆ تیپی سەرەکی، یان تەنانەت گرێبەستەکەی هەڵبوەشێننەوە.
لە زستانی 2022ەوە، گرینوود بەهۆی تۆمەتی دەستدرێژی کردنە سەر کەسێک، بەشداریکردنی لە مەشقەکانی یونایتد و یاریکردن لەگەڵ تیپەکەی لە یارییەکاندا لێ قەدەغەکراوە، کە بێگومان ئەمەش تاوەکوو ئێستا نەسەلمێنراوە.