ئەمڕۆ پاریس سانجێرمان خەڵاتێکی گەورە بە کیلیان ئێمباپێ دەبەخشێت
یاریگا –
ئەمڕۆ کیلیان ئێمباپێ نیوەی شیرینی گرێبەستەکەی لە پاریس سانجێرمان وەردەگرێت.
پێگەی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی تەمموز کیلیان ئێمباپێ، نیوەی شیرینی گرێبەستەکەی لە پاریس سانجێرمان وەردەگرێت، کە بڕەکەی 40 ملیۆن یۆرۆیە.
ئەستێرە فەڕەنسییەکە لە ساڵی 2022 گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس بۆ دوو وەرزی دیکە نوێکردەوە لەگەڵ بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ وەرزێکی دیکەش. ئەو گرێبەستە نوێیە چەندنین پاداشت و شیرینی لەخۆ دەگرێت کە تا ئێستا کیلیان سودیان لێ وەردەگرێت.
بەپێی مەرجێکی گرێبەستەکە، ئێمباپێ بۆ وەرزی 2023-2024 بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ وەک شیرینی گرێبەستەکەی وەردەگرێت، بەو مەرجەی لە ریزی یانە فەڕەنسییەکە بەردەوامبێت لە یاریکردن.
بەپێی هەمان سەرچاوە، یاریزانە تەمەن 24 ساڵانییەکە ئەمڕۆ 40 ملیۆن یۆرۆ وەک شیرینی گرێبەستەکەی لە سانجێرمان وەردەگرێت، کە دەکاتە نیوەی ئەو پاداشتە دڵسۆزییەی کە لەگەڵ یانەکەی لەسەری رێککەوتووە.
هاوکات کەڵەشێرەکەی پاریس لە 31ـی ئاب و پاش مانگێکی دیکە نیوەکەی دیکەی ئەو بڕە پارەیە وەردەگرێت بە مەرجێک تا ئەوکات وەک یاریزانی پاریس سانجێرمان بمێنێتەوە و لە یانەکە نەڕوات.
پاریس و قەتەرییەکان ئەمڕۆ بە ناچاری 40 ملیۆن یۆرۆ بە کیلیان دەدەن، بەڵام ئامانجی یانەکە ئەوەیە پارێزگاری لە 40 ملیۆنەکەی دیکە بکەن، تا پێش کۆتایی مانگی داهاتوو چارەنووسی یاریزانەکە یەکلایی بکەنەوە بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی یاخود جێهێشتنی ریزەکانی یانەکە.
🤔 ¿Cuál será la próxima jugada de Mbappé?
9⃣ El número nueve es el protagonista en su última publicación de Instagram.
📸 @KMbappe pic.twitter.com/NveGl8j0di
— Relevo (@relevo) July 30, 2023
ئامانجی کیلیانیش تا رادەیەک روونە، کە دەیەوێت ئەم وەرزەش لەگەڵ یانەکەی بەردەوامبێت تا تەواوی پارەی شیرینی گرێبەستەکەی وەربگرێت، لە کۆتایی وەرزەکەش پەیوەندی بە ریال مەدریدی ئیسپانی بکات.
هەرچەندە ئێمباپێ جگە لە مێرێنگی هیچ یانەیەکی دیکەی ناوێت، بەڵام چەند یانەیەکی دیکەی گەورە رکابەری ریال مەدرید دەکەن لەپێناو بەدەستهێنانی تواناکانی، کە لیڤەرپوول، بایرن میونشن، هیلا دیارترینیانن.
هاوکات بەپێی رۆژنامەکانی بەریتانیا، هەر ئەمڕۆ یانەی چێڵسی لەندەنیش هاتووەتە ناو کێبڕکێی بەدەستهێنانی تواناکانی ئێمباپێ و خۆیان ئامادەکردووە تا گرێبەستێک پێشکەش بە قەتەڕییەکان بکەن.