ئیسپانیاگرنگترین

کارلۆ ئانچێلۆتی یاریزانێکی لە پێکهاتەی تیپەکەی دوورخستەوە

یاریگا –

کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید، ئالڤارۆ رۆدریگێزی ئوروگوایی لە پێکهاتەی تیپەکەی دوورخستەوە.

دوێنێ چوارشەممە ریال مەدرید بە مەبەستی ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێ بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەشتیکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆکەی شاندی یانەکە لە شاری لۆس ئەنجیلۆس نیشتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی ئاس، هۆکاری گەشت نەکردنی هێرشبەری لاوی یانەکە ئالڤارۆ رۆدریگێز، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کارلۆ ئانچێلۆتی، ناوی ئەو یاریزانەی لە لیستی ناوی یاریزانانی تیپی یەکەم لابردووە، ناوبراو گەڕاوەتەوە تیپی دووەمی یانەکە و لەگەڵ تیپی دووەم بەردەوام دەبێت لە یاریکردن.

رۆدریگێزی تەمەن 19 ساڵان لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەگەڵ تیپی یەکەمی یانەکە بە ئاستێکی بەرزەوە بەدیار کەوت، لەگەڵ تیپەکەی ئانچێلۆتی بەشداری 6 یاری کرد، توانی گۆڵێک بکات و گۆڵێکیش درووست بکات. نازناوی جامی شای ئیسپانیاشی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا.

بەهۆی رۆیشتنی کەریم بێنزێما، ماریانۆ دیاز، ئێدین هازارد و مارکۆ ئاسینسیۆ، ریال مەدرید لە هێڵی پێشەوە پێویستییەکی زۆری بەم یاریزانە بوو، پێشبینی دەکرا لەم وەرزە سەربخرێت بۆ تیپی یەکەمی یانەکە تا هاوکاری هێڵی پێشەوە بکات.

بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینییەکان سەرەڕای نەبوونی بژاردەی زۆر لە بەردەم راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە هێڵی پێشەوەدا، بڕیاریدا یاریزانە ئوروگواییەکە بگەڕێنێتەوە تیپەکەی راول گۆنزالێز و بەشێک نابێت لە پلانەکانی کارلۆ لە وەرزی نوێدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button