فه‌ره‌نساگرنگترین

”پاریس سان جێرمان زیندانێكی گەورەیە”

یاریگا –

دۆناتۆ دی كامپلی، بریكاری پێشووی ماركۆ ڤێراتی ئاشكرایكرد پاریس سان جێرمان وەك زیندانێكی گەورە وایە.

ئەم هەواڵانە لە كاتێكدا هات كە كیلیان ئێمباپێ و پاریس سان جێرمان پەیوەندی نێوان تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و یانەكە دەیەوێت ئێمباپێ گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە و یاریزانەكەش دەیەوێت دوای ئەم وەرزە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بكات.

كیلیان ئێمباپێ و ماركۆ ڤێراتی

بریكارەكەی پێشووی ڤێراتی ئاشكرایكرد كە یاریزانەكە لە رابردوودا وویستوویەتی پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بكات بەڵام یانە فەڕەنسیەكە نەیهێشتووە ئەوە رووبدات.

لە لێدوانێکیدا بۆ “رێلیڤۆ”، بریکاری پێشووی ڤێراتی رایگەیاند: لە پاریس یاریزانان زیندانی دەکرێن، و ناتوانیت هیچ کارێک لە دەرەوەی ئیرادەی یانەکە بکەیت، زیندانێکی راستەقینەیە و جۆرە جیاوازەکانی زەوتکردن بەسەرتدا دەسەپێنێت.

بەردەوام بوو ووتی: هەڵسوكەوتی پاریس سان جێرمان وەك دیكتاتۆریەك وایە، ئێمە وویستمان پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بكەین، خلێفی پێی ووتم كە بەردەوام نەبم لە ئەنجامدانی پڕۆسەكە، پاشان ڤێراتی لە بریكاری خۆی دووری خستمەوە، دڵنیام ماركۆیان ترساندبوو دان بەوەدا نانێت بەڵام بابەتەكە بەو شێوەیەیە.

هەروەها ووتیشی: لە یەكەم رۆژیەوە ڤێراتی لە زیندانێكی راستەقینەدا بووە، كاتێك لەگەڵ بارسێلۆنا قسەماندەكرد، پاریس سان جێرمان چەند جارێك چاویان بە یاریزانەكە كەوت و پێیان ووت كە گرێبەست لەگەڵ نەیمار دەكەن.

دۆناتۆ دی كامپلی و ماركۆ ڤێراتی

لە كۆتایشدا ووتی: سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا بارتۆمیۆ لە پەیوەندیکردن بە خلێفیەوە نەوەستا و خلێفیش هەرگیز وەڵامی تەلەفۆنەکەی نەدایەوە، ئەزموونی من لەگەڵیان زۆر خراپە، ئەوان تەنها گرنگی بە پارە دەدەن، یانەیەکی بێ رۆحن، ئەوان ڕێگە بە یاریزانەکان نادەن بڕۆن چونکە ئیدارەی یانەكە پێیان وایە هەموو شتێک دەتوانرێت بکڕدرێت و دەتوانن جیهان بە پارە كۆنتڕۆڵ بكەن، بەڵام پێشتر بینیومانە کە ئەوە ناكرێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button