ئه‌ڵمانیائیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترینیاریگا

راپۆرت: جونی کەڵەفەت راوچی ئەستێرە و بەهرەمەندەکان بناسە

ریاڵ مەدرید . یانە زەبەلاحەکەی ئیسپانیا و ئەورووپا و جیهان، ئەو یانەیەی خەرجکردنی پارەی خەیاڵی لە گواستنەوەی یاریزانان داهێنا، خۆی چیتر پەیڕەوکەری ئەو سیاسەتە نیە.

فلۆرەنتینۆ پێرێز یەکەم سەرۆک یانەی ئەورووپا بوو کە توانی تیمی خەونەکان و گالاکتیکۆ دروست بکات لەو یاریزانانەی کە پێشتر سەرجەمیان ئەستێرە  بوون، بەڵام  ئەمە ناسناو و قازانجی دارایی بۆ یانەکە نەهێنا! ئەوەی پێرێزی کردە یەکێک لە سەرکەوتووترین سەرۆکەکانی مێژووی تۆپی بڕیاری دامەزراندنی جونی کەڵەفەت بوو لە یانەکە..

جونی کەڵەفەت کێیە ؟

کەڵەفەت ناوی تەواوی خۆزێ ئەنتۆنیۆ کەڵفەت دی سۆزایە،  لە دایكی ئیسپانی و باوکێکی بەڕازیلییە و تەمەنی ٥٠ ساڵە.

ساڵەکانی سەرەتا و سەردەمی لاویی لە بەڕازیل بەسەر بردووە و وەکو یاریزانی فوتساڵ پێی ناوەتە تۆپی پێ . لە ٢٠١٤دا لەلایەن خۆزێ ئەنخل سانچێزی پیاوی دەستە راستی پێرێز لە ریاڵ مەدرید وەکو دۆزەرەوەی بەهرە وەرگیرا و سەرنجی لەسەر یاریزانانی ئەمریکای باشوور بوو.

دوای تەنها سێ ساڵ بەهۆی نیشاندانی تواناکانی لە دۆزینەوەی یاریزانی بەهرەدار، بە بڕیارێکی راستەوخۆی فلۆرەنتینۆ پێرێز کرا بە بەڕێوبەری گشتی تۆڕی دۆزەرەوەکانی ریاڵ مەدرید.

دەگوترێت پێرێز داوای لێکردووە تەنها یەک یاریزانی ئەستێرەی بۆ بدۆزێتەوە تاوەکو هاوشێوەی مێسی ببێتە ئەستێرەیەکی مێژوویی یانەکە لە تەمەنی لاویدا ، ئەویش ڤینیسیوس جونیۆرزی دۆزییەوە  بەڵام کەڵەفەت  بەوەوە نەوەستا و چەندین ئەستێرەی  دیکەشی بۆ دۆزییەوە.

Juni Calafat: The man behind signing Vinicius and Real Madrid's other gems  | Marca

 

 

چۆن کار دەکات؟

 

کەڵەفەت تۆڕێکی فراوانی دۆزەرەوەی هەیە کە بە تۆڕی سیخوڕی ناودەبرێن و بەردەوام ئاگاداری دەکەنەوە لە بوونی هەر یاریزانێک لاو کە توانایەکی جیاوازی هەبێت، جگە لەوە بەردەوام سەیری یاری و ڤیدیۆی ئەو یاریزانانە دەکات کە مەبەستییەتی و هەندێک جاریش بۆی دەنێرن.

پاش ئەوەی یاریزانێک هەڵدەبژێرێت قسە لەگەڵ سێ لایەنی جیاواز دەکات، ئەوانیش بریکار و پارێزەری یاریزانەکەیە لەلایەک، یانەکەی لەلایەکی دیکە و پاشانیش خێزانی یاریزانەکە.

ئەوەی جیاوازی جونی کەڵەفەتە لەگەڵ ئەوانی دیکە، ئەو گرنگییە زۆرەیە کە بە خێزانی یاریزانەکەی دەدات لە سەرەتاوە تاوەکو ساتی وژاۆکردنی گرێبەستەکە.

جود بێڵینگهام پاش ئەوەی پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە کرد وتی “شاندی مەدرید زۆر بەڕێز بوون لەگەڵ خێزانەکەم و نیشانیاندا کە بۆچوونی ئەوانیان لا گرنگە، هەوڵیان نەدا بە قسەی بریقەدار بیان خەڵەتێنن، ئەمەش وایکرد هەر لەوێ دا راستەوخۆ ریاڵ مەدرید هەڵبژێرم”.

 

گرنگترین دۆزینەوەکانی

کەڵەفەت لە ماوەی کارکردنیدا چەندین ئەستێرەی دیاری ئێستای یانەکەی گواستۆتەوە وەکو : کاسیمیرۆ، میلیتاو، ڤینیسیوس جونیۆرز، رۆدریگۆ، ڤاڵڤێردی، کاماڤینگا، چوامێنی و ئۆدیگارد

ئەوانەی ماونەتەوە ئەمڕۆ نرخییان دوو هێندە و سێ هێندەی ئەو پارەیەیە کە تێیاندا خەرجکراون، ئەوانەشی رۆشتن سەرجەمیان بە قازانجێکی باش فرۆشران.

لەم دواییەشدا هۆکاری سەرەکی بوو یانەکە بتوانێت  ئێندریک، جود بێڵینگهام بگوازێتەوە.

کەڵەفەت بەوە ناسراو پیاوێکی بێ دەنگە و کارەکانی لە تاریکی دا دەکات. ئەوکاتەی بارسا نزیک بوو لە گواستنەوەی ئاردا گولەری تورکیی، کەڵەفەت بە بێ دەنگی و بە هێمنی لەژێر دەستی دەرهێنان.

هەرچەندە بەهرەی یەکەمی خۆی دۆزینەوەی یاریزانی بەهرەمەندە بەڵام هاوکات توانایەکی بەهێزی مامەڵە  وگفتوگۆی هەیە بۆ هێنانی ئەو یاریزانانەش کە خۆیان ئەستێرەن و لە چەند لایەکەوە داواکراون.

Meet the TV football pundit turned Real Madrid power broker key to Jude  Bellingham transfer | talkSPORT

 

هەڵە و پەشیمانییەکان

جونی کەڵەفەت سەرباری سەرجەم کارە باشەکانی، بەڵام بێ هەڵەش نەبووە و بەشێک لە گرێبەستەکانی شکستییان هێناوە.

هەریەک لە لوکاس سیلڤا و سێرجیۆ دیاز، ٢٠ ملیۆن یۆرۆ لەسەر ریاڵ مەدرید کەوتن بەڵام هەرگیز نەگەشتنە ئەو ئاستە چاوەڕواندەکرا.

هەروەها رێنیێر خۆزێ بە ٣٠ ملیۆن یۆرۆ هاتە یانەکە . هەرچەندە هێشتا لە مەدریدە بەڵام  سێ ساڵە بە خواستن یاری بۆ دۆرتموند و جیرۆنا دەکات و هێشتا یانەکەی چاوەڕێی ئەوەن بگاتە ئەوەی جونی کەڵەفەت هیوای بۆ دەخواست.

جگە لەمانەش، کەڵەفەت رۆڵی لە گواستنەوەی ئێدین هازارد هەبوو کە بە خراپترین گرێبەستی مێژووی یانەکە دادەنرێت.

کەڵەفەت لە ٢٠١٣دا بەر لەوەی بەفەرمی لە مەدرید دەستبەکاربێت زۆر هەوڵیدا نێیمار بگوازێتەوە بەڵام هەموو ئەوانەی دەورووبەری نێیمار بە خێزان و هاوڕێ و پارێزەرەوە بەجیا داوای پارەیان لە مەدرید کرد و ئەمەش وایکرد گواستنەوەکە سەرنەگرێت. جگە لە نێیمار، جولیان ئەلڤارێزی ئەرژەنتینی یاریزانێکی دیکەیە کە کەڵەفەت نەیتوانی بیگوازێتەوە.

 

هەم تیجارەت و هەم زیارەت

لە رابردوودا بەر لە یانەکانی مانچێستەر سیتی و پاریس و چێڵسی، ریاڵ مەدرید ناوبانگێکی خراپی هەبوو لە رووی هێنانی یاریزان بە پارەی خەیاڵی و تێکدانی دۆخی بازاڕ. دواتریش بە نرخێکی کەمتر دەیفرۆشتنەوە.

بەڵام بە سەرپەرشتی پیاوە سەرسوڕهێنەرەکەی بازاڕی گواستنەوە، ئەمە ئێستا لە مەدرید گۆڕاوە ، چونکە بەپێی ئامارێکی ترانسفێر مارکێت لە ساڵی ٢٠١٧ ـەوە تا ئەمڕۆ ریاڵ مەدرید هەشت ملیۆن یۆرۆی قازانجکردووە لە بازاڕی گواستنەوەدا بە هەژمارکردنی کۆی فرۆشتنی یاریزانان و کۆی کڕینەکان.

لە هەمان ماوەدا سەرجەم یانە گەورەکانی دیکەی ئەورووپا پارەی خەرجکراویان زیاتربوو لە فرۆشتن. چێڵسی لە سەرووی لیستەکە دێت و زیاد لە ٧٨١ ملیۆن یۆرۆ لە زەرەردایە، بارسێلۆنا لە پلەی دووهەمدایە بە ٣٦٢ ملیۆن و یوڤێنتۆس سێهەمە بە ٣٢١ ملیۆن.

کەواتە مەدرید جگە لە دروستکردنی پێکهاتەیەکی پتەو کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا چەندین ناسناوی ناوخۆی و ئەورووپیان بردووەتەوە، هاوکات توانیوییەتی لە بازرگانی بازاڕی گواستنەوەش سەرکەوتووبێت ئەمەش بە هەوڵەکانی جونی کەڵەفەت ئەو پیاوەی بووەتە راوچی بەهرە

 

بابەتی زیاتر

Back to top button