کوردستانگرنگترین

یانەی دهۆک بەشداری هیچ چاڵاکیەک ناکاتەوە

یاریگا

عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا هەڵپەساردنی سەرجەم چاڵاکیە وەرزشیەکانی یانەکەی راگەیاند.

دوای روداوەکانی دوێنێ پاش یاریی کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا دکتۆر عەبدوڵلا جەلال سەرۆکی یانەی دهۆک رایگەیاند، نە راوێژ کردن لەگەڵ پارێزگاری شارەکەیان بڕیاریانداوە بەشداری هیچ چاڵاکیەکی یەکێتی تۆپی پێ کوردستان نەکەن.

سەرۆکی یانەی دهۆک لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان تا ئەو کاتەی پێداچوونەوە لە هەیکەلی یەکێتی تۆپی پێ کوردستاندا نەکرێت بەشداری چاڵاکیەکان ناکەنەوە، لەبەر ئەوەی پێیانوایە مافیان خوراوە و دەبێت ئەوانیش چەند ئەندامێکیان لە یەکێتیەکە هەبێت.

دکتۆر عەبدوڵلا جەلال لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوای لە هاندەرانی یانەکەی و یانەی هەولێر کرد دان بەخۆیاندا بگرن و بۆ ئەوان هیچ جیاوازیەک لە نێوان شارەکان نیە و گووتیشی ئێمەی دهۆکیەکان شانازی بە پایتەختی خۆمانەوە دەکەین.

سەبارەت بە بەشداری کردنیان لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئەم وەرزە خولەکان و جامی کوردستان، سەرۆکی یانەی دهۆک رەتیکردەوە بەشداری ئەو رێوڕەسمە بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button