ئیسپانیاگرنگترین

رەنگە ریال مەدرید لە یارییەکەی بەرامبەر خێتافی بە دۆڕاو هەژمار بکرێت

یاریگا –

لە یارییەکەی رابردووی ریال مەدرید بەرامبەر خێتافی لە خولی ئیسپانی، هەڵەیەکی ناوبژیوانی لە یارییە روویداوە و ئێستا بووەتە باسی رۆژنامەکان.

ریال مەدرید بە گۆڵێکی مارکۆ ئاسێنسیۆ یارییەکەی بردەوە، بەڵام رووداوێیکی نێو یارییەکە بووەتە بابەتی گەرمی ئەمڕۆ.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، مارتینێز مونێرا، ناوبژیوانی یارییەکە هەڵەیەکی کوشندەی کرد، کاتێک کارلۆ ئانچێلۆتی بڕیاریدا  ئالڤارۆ ئۆدریۆزۆلا بخاتە شوێنی ئاسێنسیۆ، ئەم رووداوە لە خولەکی 84 روویدا و ئاسێنسیۆ یاریگای جێهێشت.

لەو کاتەدا، ئێدوارد کاماڤینگا تووشی پێکان بوو و داوای گۆڕانکاری کرد، جارێکی دیکە ئاسێنسیۆ گەڕایەوە نێو یاریگا و گۆڕانکارییەکە لە نێوان ئۆدریۆزۆلا و کاماڤینگا کرا، ئەمەش بە رەزامەندی ناوبژیوان.

رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، پێویست بوو، ناوبژیوانی یارییەکە رێگری لە گەڕانەوەی ئاسێنسیۆ بۆ یاریگا بکات و ریال مەدرید بە گوێرەی ماددەی سێییەمی یارییەکە، بە 10 یاریزان یارییەکە تەواو بکات.

ئەستەمە بڕیار لەسەر لایەنگری ناوبژیوان بدەین، بەڵام ئێستاش خێتافی دەتوانێت تانە لە ئەنجامی یارییەکە بدات و سکاڵا لای لیژنەی هونەری ناوبژیوانان بکات.

روونکردنەوەی رۆژنامەی مارکا

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی مارکا لەبارەی رووداوەکە نووسیویەتی

بە گوێرەی یاساکە، ریال مەدرید بە ئەنجامی 3-0 بە دۆڕاو هەژمار ناکرێت، چونکە ئاسێنسیۆ یاریگای جێنەهێشتبوو و لە کاتی گۆڕانکارییەکە، لە یاریگا مابووەوە، لەو کاتەدا کاماڤینگا لە ناوچەیەکی دیکەی یاریگا، چووە دەرەوە.

بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە ئاسێنسیۆ بەرەو چوونە دەرەوە لە یاریگا هەنگاو دەنێت و تەنانەت سڵاوی لە ئۆدریۆزۆلا کرد، بەڵام هەر زوو دەردەکەوێت، کارلۆ ئانچێلۆتی درکی بە بابەتەکە کرد و داوای لە ئاسێنسیۆ کرد، نەهێتە دەرەوە یاریگا، بەڵکو راستەوخۆ گۆڕانکارییەکەی بۆ کاماڤینگا گۆڕی، چونکە تووشی پێکان بوو.

ریال مەدرید بەو بردنەوەیە، کۆی خاڵەکانی گەیاندە 71 خاڵ، بە جیاوازی 11 خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا، کە ئەمشەو رووبەڕووی ئیسپانیۆل دەبێتەوە و یارییەکی کەمتر کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button